جام کوردی- فەرزاد ئەڵماسی، قایمقامی پاوە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا)، ئاماژەی بە گرنگی سنووری شۆشمێ و تواناکانی بۆ گەشەی ئابووری لە ناوچەکەدا کرد و ڕایگەیاند: ڕێکخستنی بازرگانی سنووری یەکێکە لە ئەولەویەتە جیدییەکانی ئەو قەزایە، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی بژێویی سنوورنشینەکان.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە کێشەکانی گومرگی شۆشمێ وتی: ئامێرێکی تیشکی ئێکس دابین کراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بینا و ژێرخانی دروست، هێشتا دانەنراوە و نەخراوەتە کار و ئەمەش ناڕەزایی گەشتیارانی لێکەوتووەتەوە و پڕۆسەی پشکنینی درێژخایەن کردووە.
قایمقامی پاوە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پرسی کەمیی ژمارەی فەرمانبەران و کێشەی دامەزراندنیش نیگەرانی جیددی دیکەی سنوورەکەن و پێشبینیش دەکرێت ئەم کێشەیە بە پشتیوانی پارێزگا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان چارەسەر بکرێت.هەروەها باسی لە ڕێکخستنی کارتی سنوورنشینی کرد و ئاماژەی دا: لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە 20 هەزار کارت دەرچووە، کە بەشێکیان بەهۆی کێشەی نیشتەجێبوون یان بارودۆخی داراییەوە لابراون، بەڵام هێشتا پێویستی بە پێداچوونەوەیە و دەبێت وریاتر بین لە دەستنیشانکردنی سنوورنشینانی ڕاستەقینە بۆ ئەوەی ئەوانەی مافی خۆیانە سوودمەند بن لەم ئیمتیازە.
بە گوتەی ئەلماسی، قەبارەی زۆری بازرگانی و نەبوونی شوێنیش بووەتە هۆی ئەوەی توانا ناوخۆیی و بەکرێگیراوەکان بەشێوەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی هاتنە ژوورەوە و دەرچوونی کاڵاکان بەکاربهێنرێن، بەڵام ئەم دۆخە کاتییە و دەبێت کۆمپانیای کۆگا گومرگییەکان ڕۆڵی جددی لە دروستکردن یان تەیارکردنی کۆگا ستانداردەکاندا بگێڕێت.
قایمقامی پاوە ڕایگەیاند: بە سەرنجدان بە زیادبوونی قەبارەی بازرگانی لە سنووری شۆشمێ، پێویستە لە سەروبەندی پاییز و زستاندا بە تەواوی بڕیاری بنەڕەتی بدرێت بۆ ڕێکخستنی ئەم سنوورە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و دابینکردنی بنەما بۆ گەشەی ئابووری لە ناوچەکەدا.
شۆشمێ یەکێکە لە سنوورە کۆنەکانی وڵات کە تەمەنی ٨٠ ساڵە و لە ساڵانی شەڕی سەپێنراودا داخراوە و دوای ماوەیەک دەستی بە چالاکییە بازرگانییەکانی کردەوە و لە ئێستادا یەکێکە لە بازاڕە چالاکەکانی وڵات.
ئەم سنوورە بە دووری ٣٥ کیلۆمەتر لە شاری پاوە و ٥ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای نەوسوود و ١٥٥ کیلۆمەتر لە کرماشانەوە لە ناوچەیەکی بەرز و هەورازدا بە ڕووبەری نزیکەی ٢ هێکتار هەڵکەوتووە.
سنووری شۆشمێ لە عێراقەوە بەستراوەتەوە بە پارێزگای هەڵەبجە لە باکوری ئەم وڵاتە دراوسێیەوە و ڕۆژانە لەنێوان 40 بۆ 50 بارهەڵگر هاتوچۆی ئەوێ دەکەن و کاڵای جۆراوجۆر هەناردە دەکەن.
بە پێی ڕاگەیاندنی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی پارێزگای کرماشان، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٨٦ هەزار تۆن کاڵای هەناردەکردن بە بەهای ٢٠ ملیۆن و ٦٤٤ هەزار دۆلار لە ڕێگەی گومرگی شۆشمیەوە ڕەوانەی عێراق کراوە، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ١٤٠٣ بە ڕێژەی لە سەدا ٨٦ زیادبوونی کێش و بەهای لە سەدا ٢٩ زیادی کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ کاڵای سەرەکی هەناردەکراوی گومرگی شۆشمی بریتی بووە لە کانزای ئاسن، سەوزە و میوە، ئامێری کشتوکاڵی، کاری دەستی، و گەچی بیناسازی.