ڕێكخراوەكان لەدەقی ڕاگەیەندراوەكەیاندا ڕایانگەیاندوە، لەناو زیاتر لەشەش هەزار ڕێکخراوی نا حکومی لەهەرێمی کوردستان، گروپێک رێکخراو جیاکراونەتەوە و مۆڵک و بودجەی گشتی وەردەگرن، بەبێ میکانیزمێکی ڕوون و بوونی شەفافیەت و لێپرسینەوە. ئەم تەرزە لە ڕێکخراو، نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکی سیاسیی و حزبی دیاریکراو دەکەن، نەک پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
ڕێکخراوەکان، ڕاشیانگەیاندوە،" ئەوەی جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە، ماوەیەکە زۆرینەی نوێنەرانی وڵاتان و لایەنە پارەبەخشە نێودەوڵەتییەکان، پشتیوانیی دارایی پێشکەش ئەو جۆرە ڕێکخراوانە دەکەن یان هاوکاریان دەکەن بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی دارایی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان.
لەبانگەوازەكەیاندا دەڵێن، داواکارن پێداچونەوە بە میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندن (Due Diligence)دا بکەن و پرۆسەیەکی وردتر بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوە هاوبەشەکانتان پەیڕەو بکەن، بۆ دڵنیابون لەسەربەخۆیی سیاسی و داراییان.
جەختیش دەكەنەوە، داوای مامەڵەیەکی دادپەروەرانەو ڕاستەوخۆ دەکەین لەگەڵ ڕێکخراوە نا حکومییەکاندا، لەمەودواش چاودێریی هاوبەشەکانمان لە ڕیکخراوەکان و هاوبەشەکانیان دەکەین و ڕاپۆرت لەسەر ئەو پرسە بڵاودەکەینەوە.