جام کوردی - پێشهاتەکانی چەند مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی عێراق جارێکی دیکە واقیعێکی ئاشکرا کرد کە ساڵانێکە قورسایی زۆری لەسەر ژیانی خەڵک داناوە.
سەقامگیریی هەرێم ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چۆنیەتی پەیوەندی نێوان لایەنە کوردییەکان و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا. ناکۆکی لەسەر بودجە و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان نەک هەر فشاری ئابووری لەسەر خەڵک دروستکردووە، بەڵکو لێکترازانی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی هەرێم قووڵتر کردووەتەوە.
لە هەلومەرجێکدا کە چەندین جار گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتووەتە بنبەست، ڕێبازێکی نوێ لەنێو بەشێک لە نوخبە و شرۆڤەکاراندا سەریهەڵداوە.
پێویستیی نزیکی و دیالۆگی ڕاستگۆیانە لە نێوان لایەنە کوردییەکان و لایەنە شیعەکان لە عێراق. ئەم ڕێبازە لە تێگەیشتنێکی واقیعیانە لە هاوکێشە سیاسییەکانی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت؛ عێراق ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە لێکنزیکبوونەوەی ناوخۆیی و متمانەی یەکتر هەیە لە نێوان هێزە کاریگەرەکانیدا.
ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە پشتبەستن بە نێوەندگیریی زلهێزە دەرەکییەکان نەک هەر یارمەتیدەر نەبووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا بۆتەهۆی ئاڵۆزتربوونی زیاتری کێشەکانی هەرێم.
لەبەرامبەردا هەرکاتێک گفتوگۆ و هاوکاری ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر بووبێت، ئەنجامێکی ئەرێنی و باشی بۆ خەڵک بووە.
لێکنزیکبوونەوەی کورد لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراق دەتوانێ ڕێگایەک بێت بۆ پتەوکردنی یەکێتی نەتەوەیی و پێناسەکردنەوەی پێگەی هەرێم لە چوارچێوەی سەروەریی عێراقدا.
ئەم لێکنزیکبوونەوەیە دەرفەتێکی نوێ بۆ بنیاتنانەوەی متمانەی سیاسی و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییە ئابوورییەکان دەڕەخسێنێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەستوەردان و فشاری وڵاتانی دەرەوە هەبێت.
سەرکردەکانی کورد ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدان، ئەویش هەڵبژاردنی نێوان بەردەوامی ناکۆکی حزبی و ئابوری، یان هەنگاونان بەرەو دیالۆگ و لێکنزیکبوونەوە و پەیوەندی بنیاتنەر لەگەڵ بەغدا.
ئایندەی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بەم هەڵبژاردنەوە؛ هەڵبژاردنێک کە ئەگەر حیکمەتی سیاسی و دیدێکی نەتەوەیی لەگەڵدا بێت، دەتوانێت لاپەڕەیەکی نوێی سەقامگیری و گەشەسەندن و ڕێزگرتنی بەرانبەر لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و بەغدادا نیشان بدات.