بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە'' لە دوای ئاگادارکردنەوەمان لە لایەن چەند هاوڵاتیەکی شاری هەولێر بە بیستنی حاڵەتێکی تەقە کردن لە نزیک شەقامی خێرای (١٢٠) مەتری، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیەکەمان دەستمان کرد بە بەدواداچوون.'

پۆلیسی هەولێر دەڵێت'' بۆمان دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری (mg) رەنگ سپی، هەڵگری تابلۆی هەولێر، کە دوو سەرنشینی تێدایە تەقە دەکەن بە شێوەی هەڕەمەکی وەک بانگەشە کردنی هەڵبژاردن بۆ لایەنێکی سیاسی دیاری کراو، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆلینەوەی هەولێر توانرا هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ح. ص) و (س. ت. ت) دەستگیر بکرێت.

ئاماژەبەوەشکراوە، ئەو دوو کەسە بە پێچەوانەی رێنماییەکان و بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، ببوونە هۆکاری دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ لەناو هاووڵاتیانی شاری هەولێر، لە ئێستادا بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.