پێنج شاخەوانی ئەڵمانی لە ناوچەی ئاڵتۆ ئادیجە(South Tyrol) لە باکووری ئیتاڵیا بەهۆی ڕنوو گیانیان لەدەست داوە.

سێ کەس لە قوربانییەکان کە دوو پیاو و ژنێک بوون، ڕۆژی شەممە بە مردوویی دۆزرایەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە تەرمی دوو کەسی دیکە کە پیاوێک و کچە ١٧ ساڵانێک بوو دۆزرایەوە.

فێدریکۆ کاتانیا، وتەبێژی فریاگوزاری شاخ ڕایگەیاند: "ئەوان بە هۆی هاتنی هەرەسەوە کەوتبوونە خوارەوە بۆ بنی ئەو دۆڵە کە ڕنووەکەی لێ ڕوویدا.

ڕووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 4ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕوویداوە، کاتێک کۆمەڵێک شاخەوانی ئەڵمانی لە نزیک لوتکەی "چیما ڤێرتانە" لە زنجیرە چیای "ئۆرتلێس"، لە بەرزی زیاتر لە 3 هەزار و 500 مەتر سەرقاڵی سەرکەوتن بوون.

 ستافی فریاگوزاری دەڵێن هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە بۆچی ئەو گرووپە لە درەنگانی ئێوارەدا هێشتا خەریکی سەردەکەوتن بوون.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، شاخەوانەکان بە سێ گروپی جیاواز سەرەکەفتن و سەربەخۆ لە یەکتر جوڵەیان دەکرد.

شایانی ئاماژەیە کە، دوو پیاو لە ڕووداوەکە ڕزگاریان بووە و بە فڕۆکە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری بۆلزانۆ.

ناوچەی "ئاڵتۆ ئادیجە" شوێنێکی بەناوبانگە بۆ گەشتیارانی ئەڵمانی. "ئۆرتلێس" بەرزترین لوتکەی ناوچەکە کە بەرزییەکەی دەگاتە ٣٩٠٥ مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە.