چوار شەممە، ١٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ئەنجامی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە و سوپاسی دەنگدەران و خۆبەخشانی جوڵانەوەکە دەکات و دەڵێت " وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دڵنیاین کە زوڵم و زۆر بۆ هیچ هێز و کەسێک ناچێتە سەرو لەسەر کارکردنی شێلگیرانەشمان بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات بەردەوام دەبین، دڵنیابن هەرچەند کورسییمان هەبێت و لەهەرکوێیەک بین، ئەوە لەگەڵ خەڵک و لەبەرەی خەڵکدا دەبین و کاری جدیی بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانیان دەکەین و هەرگیز پشت لە هاوڵاتیان ناکەین و متمانەیان لە دەست نادەین".

بە پێی ئەنجامە بەرایەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنەدا توانیویەتی تەنها سێ کورسی بە دەست بهێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمدا  نۆ کورسیان بەدەست هێنابوو.