جومانە ئەلغەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان راگەیاند: تا کۆتایی هەفتەی رابردوو دەستەی دادوەری زیاتر لە 800 تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراقی رەتکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: دەستەی دادوەری تا یەکشەممەی داهاتوو، هەموو ئەو تانانەی کە ماونەتەوە یەکلایی دەکاتەوە.
پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندبوو:
هەر 872 تانەکەی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق، رەوانەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان کردووە.
روونیشیکردەوە: دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی کە لە مادەی "20"ی پەیڕەوی سکاڵا و تانەداندا هاتووە، دەستەی دادوەری بە رەسمی کۆمسیۆن ئاگادار دەکاتەوە کە سەرجەم تانەکان یەکلایی کراونەتەوە،
پاشان کۆمسیۆن ئەنجامە کۆتاییەکان دەخاتە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پەسەندکردنی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 9ی 11ی 2025، هەڵبژاردنی تایبەت بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، کە تیایدا ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوو،
هەروەها رۆژی 11ی11ی2025، دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو.