وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران ئامادەیە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە پرسە ئەتۆمییەکان دەستپێبکاتەوە و ئەوەش پەیوەستە بە تێڕوانین و بۆچوونی ئەمریکاوە.

 سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی «کیۆدۆ»ی ژاپۆنی لە تاران ڕایگەیاند: ئێران ئامادەیە دانوستانەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە و پەرەپێدانی ئەتۆمی خۆی دەست پێ بکاتەوە و بێگومان ئەم پرسە بەندە بە تێڕوانین و بۆچوونی ئەمریکاوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە دەستدرێژیی ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران وتی: دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناوچەکانی دەورووبەریان کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشیان کرایە سەر، ڕەنگە بە ماددە ڕادیۆئەکتیڤەکان پیس بن، ئەمەش ڕێگری دەکات لە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

عێراقچی هەروەها هیوای دەربڕی بۆ هاوکاری تەکنیکی لەلایەن ژاپۆنەوە کە شارەزایە لە بواری پاککردنەوەی پیسبوون دوای ڕووداوی وێستگەی ئەتۆمی فۆکۆشیمای دایچی.