هەڵمەت ھەمزە سلێمان، بەڕێوەبەری گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەهۆی دۆخی جەنگ و سەختی ڕێگاکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ، نرخەکان لە بازاڕ بەرزبوونەتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕێژەی سەربڕینی ئەمساڵ کردووە.
لەبارەی ئامادەکارییەکانییان بۆ ڕۆژانی جەژنیش دەڵێت، “بەپێی ئەو بەرنامەی کە دانراوە ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر کار دەکەین، ئامانج لێی وەرگرتنی زۆرترین ڕێژەی ئاژەڵە و ستافێکی پزیشکی ڤێتەرنەری ئامادەکراوە بۆ پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین، هەروەها ستافی قەساب و پاککردنەوەی شوێنەکان هەموو ئامادەکاریی بۆ کراوە”.
لەبارەی پێشبینییەکانییان بۆ ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، هەڵمەت هەمزە وتی: “ساڵی ٢٠٢٥ بەراورد بە ٢٠٢٤ ڕێژەی سەربڕین زیاتر بوو بە ڕێژەی سەدا ٣٧ کە نزیکەی چوار هەزار ئاژەڵ سەربڕا، ئەمساڵیش پێشبینییەکانمان بەراورد بە پارساڵ کەمترە بەهۆکاری بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز چونکە بەشێکی زۆر پشت بە ئاژەڵی هاوردە دەبەسترێت”.
لەبارەی نرخەکانیشەوە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر، ھەڵمەت ھەمزە سلێمان وتی: “ئەمساڵ بەهۆی ئەو کاریگەرییانەی کە باسمان کرد، نرخ سەدا ١٠ بۆ سەدا ١٥ بەرزبووەتەوە واتا نزیکەی دوو هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک لە ئاژەڵی زیندوو، بەرزبووەتەوە”.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، بەهۆی زیادهاوردە و بەرکەوتنی ئاژەڵەوە لەگەڵ قەساب و هاووڵاتییان، ئەوا تای خوێنبەربوون بڵاودەبێتەوە و وەزارەتی تەندروستیش ڕێنمایی تایبەت بەخۆپارێزیی بڵاودەکاتەوە.