​قوباد تاڵەبانی سەرۆکی (شاندی دانوستانکاری یەکێتی) لە دوایین لێدوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هاوکێشەکان گۆڕاون و وتی:

​"پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ یەکێتی ناتوانێت حکومەت پێکبێنێت. ئێمە ئامادەی ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەین کە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت، نەک تەنها پڕکردنەوەی پۆستەکان."

​مەحمود محەمەد (وتەبێژی فەرمی پارتی) ئاماژە بەوە دەکات کە دەرگایان بۆ گفتوگۆ کراوەیە و لەسەر بنەما گشتییەکان هاوڕان، بەڵام کێشەکە لە وردەکارییەکاندایە:

وتیشی ​"ئێمە لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ یەکێتی هاوڕاین، بەڵام هەندێک بابەتی تر هەیە وەک دابەشکردنی پۆستەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان کە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە."

هەر یەکە لە راگەیەنراوەکانی ​بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە دوای کۆبوونەوە باڵاکانیان لە پیرمام رایانگەیاند" کۆبوونەوەکان ئەرێنین" و جەخت لەسەر "پاراستنی قەوارەی هەرێم و دابینکردنی مووچە لەگەڵ بەغدا" دەکەنەوە،

بەڵام لە واقیعدا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کاتی زۆری بردووە.

​هاوکات ​شیکەرەوە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە بە "ململانێی سەپاندنی ئیرادە" دەبینن و پێیان وایە دواکەوتنەکە چەند هۆکارێکی قووڵی هەیە:

​لەوانە: ناکۆکی ڕاستەقینە تەنها لەسەر وەزارەتەکانی هەرێم نییە، بەڵکو لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا، پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمانە. یەکێتی دەیەوێت هاوسەنگی هێز بگەڕێنێتەوە و پارتیش دەیەوێت وەک براوەی یەکەم لەسەر بنەمای کورسییەکانی مامەڵە بکات.

​هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بوونی دوو هێزی چەکداری جیاواز (٧٠ و ٨٠)، ناتوانرێت حکومەت بە زۆرینە و کەمینە پێکبهێنرێت؛ دەبێت جۆرێک لە "ڕێککەوتنی نوێی ستراتیژی" لە نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا واژۆ بکرێت.

​زۆربەی شیکەرەوە سیاسیەکان هاوڕان کە ئێستا بەغدا و وڵاتانی دراوسێ (ئێران و تورکیا) و تەنانەت ئەمریکاش، کاراکتەری سەرەکین لە ئاڕاستەکردنی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر، چونکە بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەوان، بنبەستەکە ناشکێت.

​هەروەها چالاکوانانی مەدەنی و شەقام و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە توندی ڕەخنە لەم دواکەوتنە دەگرن و وەک "پشتگوێخستنی دەنگی هاووڵاتیان" وەسفی دەکەن و دەڵێن: پەرلەمانی کوردستان کە دەبوو چاودێر بێت، بە کرداری پەککەوتووە و ناتوانێت یاسای گرنگ (بەتایبەت بە یاسای بودجە و هەموارە گرنگەکان) پەسەند بکات.

​ئەمەش کاریگەری نەرێنی لە سەر هاووڵاتیان و سندوقەکانی دەنگدان هەیە، چونکە دوای چەندین مانگ حکومەت پێکناهێنرێت، ئەمە متمانەی خەڵک بە پرۆسەی دیمۆکراسی و هەڵبژاردن بە تەواوی لاواز دەکات و وا دەکات لە داهاتوودا خەڵک بایکۆتی دەنگدان بکەن.

​لەلایەکی ترەوە چالاکوانانی بواری ئابووری هۆشداری دەدەن کە بازاڕەکانی هەرێم لە حاڵەتی چاوەڕوانیدایە و وەبەرهێنەران ترسیان هەیە پارەکانیان بخەنە گەڕ، چونکە ئاسۆیەکی ڕوونی سیاسی نابینن.

​دەرەنجامی ئەم لێدوانانە نیشانی دەدات کە لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی تایبەتە لە حوکمڕانی (دیمۆکراسی و ڕێککەوتن)،

کە تێیدا ژمارەی کورسییەکان هەموو شتێک نین، بەڵکو "پێگەی جوگرافی و هێزی سەربازی لەسەر زەمین" فاکتەری یەکلاکەرەوەن.