قوباد تاڵەبانی سەرۆکی (شاندی دانوستانکاری یەکێتی) لە دوایین لێدوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هاوکێشەکان گۆڕاون و وتی:
"پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ یەکێتی ناتوانێت حکومەت پێکبێنێت. ئێمە ئامادەی ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەین کە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت، نەک تەنها پڕکردنەوەی پۆستەکان."
مەحمود محەمەد (وتەبێژی فەرمی پارتی) ئاماژە بەوە دەکات کە دەرگایان بۆ گفتوگۆ کراوەیە و لەسەر بنەما گشتییەکان هاوڕان، بەڵام کێشەکە لە وردەکارییەکاندایە:
وتیشی "ئێمە لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ یەکێتی هاوڕاین، بەڵام هەندێک بابەتی تر هەیە وەک دابەشکردنی پۆستەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان کە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە."
هەر یەکە لە راگەیەنراوەکانی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە دوای کۆبوونەوە باڵاکانیان لە پیرمام رایانگەیاند" کۆبوونەوەکان ئەرێنین" و جەخت لەسەر "پاراستنی قەوارەی هەرێم و دابینکردنی مووچە لەگەڵ بەغدا" دەکەنەوە،
بەڵام لە واقیعدا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کاتی زۆری بردووە.
هاوکات شیکەرەوە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە بە "ململانێی سەپاندنی ئیرادە" دەبینن و پێیان وایە دواکەوتنەکە چەند هۆکارێکی قووڵی هەیە:
لەوانە: ناکۆکی ڕاستەقینە تەنها لەسەر وەزارەتەکانی هەرێم نییە، بەڵکو لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا، پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمانە. یەکێتی دەیەوێت هاوسەنگی هێز بگەڕێنێتەوە و پارتیش دەیەوێت وەک براوەی یەکەم لەسەر بنەمای کورسییەکانی مامەڵە بکات.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بوونی دوو هێزی چەکداری جیاواز (٧٠ و ٨٠)، ناتوانرێت حکومەت بە زۆرینە و کەمینە پێکبهێنرێت؛ دەبێت جۆرێک لە "ڕێککەوتنی نوێی ستراتیژی" لە نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا واژۆ بکرێت.
زۆربەی شیکەرەوە سیاسیەکان هاوڕان کە ئێستا بەغدا و وڵاتانی دراوسێ (ئێران و تورکیا) و تەنانەت ئەمریکاش، کاراکتەری سەرەکین لە ئاڕاستەکردنی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر، چونکە بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەوان، بنبەستەکە ناشکێت.
هەروەها چالاکوانانی مەدەنی و شەقام و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە توندی ڕەخنە لەم دواکەوتنە دەگرن و وەک "پشتگوێخستنی دەنگی هاووڵاتیان" وەسفی دەکەن و دەڵێن: پەرلەمانی کوردستان کە دەبوو چاودێر بێت، بە کرداری پەککەوتووە و ناتوانێت یاسای گرنگ (بەتایبەت بە یاسای بودجە و هەموارە گرنگەکان) پەسەند بکات.
ئەمەش کاریگەری نەرێنی لە سەر هاووڵاتیان و سندوقەکانی دەنگدان هەیە، چونکە دوای چەندین مانگ حکومەت پێکناهێنرێت، ئەمە متمانەی خەڵک بە پرۆسەی دیمۆکراسی و هەڵبژاردن بە تەواوی لاواز دەکات و وا دەکات لە داهاتوودا خەڵک بایکۆتی دەنگدان بکەن.
لەلایەکی ترەوە چالاکوانانی بواری ئابووری هۆشداری دەدەن کە بازاڕەکانی هەرێم لە حاڵەتی چاوەڕوانیدایە و وەبەرهێنەران ترسیان هەیە پارەکانیان بخەنە گەڕ، چونکە ئاسۆیەکی ڕوونی سیاسی نابینن.
دەرەنجامی ئەم لێدوانانە نیشانی دەدات کە لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی تایبەتە لە حوکمڕانی (دیمۆکراسی و ڕێککەوتن)،
کە تێیدا ژمارەی کورسییەکان هەموو شتێک نین، بەڵکو "پێگەی جوگرافی و هێزی سەربازی لەسەر زەمین" فاکتەری یەکلاکەرەوەن.