لە نێوان یەکێتی و پارتیدا چەند سیناریۆ و دەرهاویشتەیەکی سەرەکی دێنە پێشەوە:
لەوانە:
١. مانەوەی کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمە وەک حکومەتی کاربەڕێکەر ئەمەش بە واتای ئەوە دێت:
حکومەت ناتوانێت بڕیاری ستراتیژی گەورە یان یاسای نوێ دەربکات.
تەنها کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان و دامودەزگاکان بەڕێوەدەبات.
ئەم دۆخە دەبێتە هۆی سستبوونی کەرتی ئابوری و وەبەرهێنان، چونکە بازاڕ پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی هەیە.
٢. شکستی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، درز و دابەشکاریی نێوان هەولێر/دهۆک و سلێمانی/هەڵەبجە، قووڵتر دەکاتەوە. ئەمەش مەترسی جێبەجێکردنی سیستمی نامەرکەزیەتی کارگێڕی و دارایی ڕەها یان تەنانەت جۆرێک لە ئیدارەدانی سەربەخۆی ناوچەکان (هاوشێوەی دۆخی دوو ئیدارەیی کۆن، بەڵام بە شێوازێکی مۆدێرنتر) زیاتر دەکات.
٣. کاتێک لایەنە کوردییەکان لە ناوخۆدا ناکۆکن، پێگەی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا لاواز دەبێت. بەغدا دەتوانێت ئەم ناکۆکییە بەکاربهێنێت بۆ:
زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی مەلەفی نەوت، دارایی، و دەروازە سنوورییەکان.
٤. هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا) هەمیشە جەخت لەسەر یەکڕیزیی هێزەکانی پێشمەرگە و سەقامگیریی هەرێم دەکەنەوە. شکستی دانوستانەکان دەبێتە هۆی:
یەکەم/ ساردبوونەوەی دۆستە نێودەوڵەتییەکان لە پاڵپشتیکردنی هەرێم.
دووەم/ دروستبوونی گوشاری دپلۆماسی بەهێز لەسەر هەردوو حیزب بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ماوەتەوە بڵێین:
کلیل و چارەسەری کۆتایی دۆخی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لایەنەکانی دیکەش کورسییان هێناوە، لە کۆتاییدا بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی ستراتیژی نوێی نێوان پارتی و یەکێتی. چونکە بەبێ ڕەزامەندی هێزی چەکدار و نفوزی جوگرافیی هەردوولا، هیچ حکومەتێک ناتوانێت بە کرداری لە تەواوی خاکی هەرێمدا حوکمڕانی بکات. بنبەستەکە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە یەکێک لە لایەنەکان سازشی گەورە بۆ ئەوی تر بکات، یان گوشارێکی دەرەکی بەهێز ناچاریان بکات پێکەوە دانیشن.