بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید هادی بورهانی ڕایگەیاند: دوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، ڕژێمێکی نوێ لە سوریا هاتە سەر دەسەڵات و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەش بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکاشەوە، دەیانەوێت سوریا سەقامگیر بێت، بۆ ئەوەی حکومەتی دیمەشق کۆنترۆڵی وڵاتەکە بکات، هەروەها بۆ ئەوەی لەو شەڕە ناوخۆیی و دۆخە نائاسایی و ئابوری و ئەمنییەی کە ماوەی 10 ساڵە تێوەگلاو بووە، دەربچێت.

ناوبراو وتی: تورکیا و قەتەر و سعودیە دەیانەوێت دۆخی نوێی سوریا سەقامگیر بێت، بە دەستپێشخەری و دیپلۆماسیەتی خۆیان، ئەم وڵاتانە توانیان ئەورووپا و ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکاش قەناعەت پێبکەن کە پێویستە ئەم دۆخە نوێیە بەردەوام بێت و ئەوان بە بەرژەوەندی جیهان و ناوچەکەیان زانیوە. بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆکاری جیاواز لەم دۆخە ڕازی نییە.

سوریا تاکە وڵاتە کە هەڕەشەیەکی کاریگەر بۆ سەر ئیسرائیل درووست دەکات

ناوبراو وتی: بارودۆخی ئێستای سوریا لای ئێران قبووڵکراو نییە، بۆ ڕژێمی زایۆنیستی خودی جۆلانی گرنگ نییە؛ بەڵکوو بۆ تەلئەبیب گرنگە لە نێوان دراوسێکانیدا، سوریا تاکە وڵاتێکە کە وەک هەڕەشەیەکی کاریگەر دەمێنێتەوە و بتوانێت بە هۆکاری ژیۆپۆلەتیکی هەڕەشەی بەرچاو درووست بکات.

بورهانی ڕایگەیاند: سوریا وڵاتێکی گەورەیە کە هێشتا لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاشتی نەکردووە و لە سەر بەرزاییەکانی جۆلان ململانێی هەیە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ بنەمایەک بۆ ئاشتی لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا نییە و سەرەڕای ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاکانەوە بڵاوبوونەتەوە، هیچ بنەمایەک بۆ ئاشتی نییە. بەو پێیەی نە ڕژێمی زایۆنیستی دەتوانێت دەستبەرداری بەرزاییەکانی جۆلان بێت و نە سوریاش ناتوانێت تێیدا تێپەڕێت، ئاشتی لە نێوانیاندا لە هەلومەرجی ئێستادا مەحاڵە. ڕژێمی زایۆنیستی دۆخی ئێستای سوریا بە دۆخێک دەزانێت کە مەیلی هەڵوەشاندنەوەی هەیە و ئێستا مەترسی سەرەکی کە لە سەر سنوری ئەو ڕژێمە ماوەتەوە سوریایە.

ناوبراو وتی: سەرەڕای هەوڵەکانی تورکیا و قەتەر بۆ ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان وەک ناوچەیەکی داگیرکراو لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ڕژێمی زایۆنیستی دەستبەرداری نابێت، چونکە ئەم دۆخە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سوریا. ڕژێمی زایۆنیستی دەزانێت ئەگەر جۆلانی یان هەر تاکێکی دیکە بتوانێت سیستەمێکی سیاسی یەکگرتوو لە دیمەشق دابمەزرێنێت، ئەو سیستەمە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەری، بۆیە دەیەوێت ڕێگری لەوە بکات تا دۆخی سوریا ناسەقامگیر بێت.

ئامانجی ڕژێمی زایۆنیستی بەدەستهێنانی بەرزاییەکانی جۆلانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە

شارەزای کاروباری ناوچەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ڕژێمی زایۆنیستی بەدەستهێنانی بەرزاییەکانی جۆلان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوەیە و ئەم ئامانجە ئەگەر سوریا دابەش ببێت بەدی دێت و یەکپارچەیی سوریا لەدەست بچێت گرنگ نییە، لە کاتی پرۆسەی دابەشبووندا کام نەتەوە زاڵە بە سەر سنورەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سوریادا، ئەوەی بۆ گرنگە. ڕژێمی زایۆنیستی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی  پێویستی بەوەیە یەکپارچەیی خاکی سوریا بشکێنرێت.

بورهانی سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سوریا له کاتێکدا پاڵپشتی له حکومەتی ئێستای دیمەشق دەکات، ڕایگەیاند: ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا لە سەر ئەم بابەتە جیاوازی بیروڕایان هەیە، ئەگەر ئەمریکا بیویستایه سوریا دابەش ببێت و سیستەمە سیاسییەکەی درووست نەبێت، سزاکانی سەر سوریای دەهێشتەوە، یان دانی بەم سیستمەدا نەدەنا. سەرەڕای دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی نوێ لە سوریا، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە توانییان ئەمریکا ڕازی بکەن بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سەقامگیری سوریا، بەڵام تەلئەبیب ئەم پرۆسەیە بە بەرژەوەندی خۆی نازانێت.

وتیشی: ڕژێمی زایۆنیستی بە تەواوی گوێڕایەڵی ئەمریکا نییە، دەزانین زۆر جیاوازە لە مامەڵەکردن لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا و ئەمەش لە ئاستی ناوچەکەدا بینراوە و دەتوانێت ئەمریکاش لە گەڵ خۆیدا بهێنێتەوە گۆڕەپانەکەوە./.