بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بێرنارد ئۆرکاد، ئێرانناس و جوگرافیناس و سەرۆکی فەرەنسیی ناوەندی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی (CNRS)، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی ئەلئەخباری لوبنانی، سەبارەت بە ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئەم شەڕە - بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە پیتاندنی یۆرانیۆم تەنیا بیانوویەکی ساختە بوو - و ئایا ئامانجەکە ئەوە بوو کە هەلومەرجێک بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران درووست بکرێت، وتی: من باوەڕم وایە گۆڕینی دەسەڵات لە پێشینەی ئامانجەکانی ئەم شەڕەدا نەبووە بەڵکوو ئامانجی ئیسرائیل لاوازکردنی گەلی ئێران بوو نەک کۆماری ئیسلامی. ئیسرائیل لەم شەڕەدا هیچ کەسایەتییەکی باڵای ئایینی و کەسایەتییەکی سیاسی گرنگی تیرۆر نەکرد – هەرچەندە سەرۆک کۆماری ئێران لەو هێرشەدا بریندار بوو – لە ڕاستیدا ئامانج گەلی ئێران بوو.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێران بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015 هەموو مەرجەکانی چاودێری و پشکنینی نێودەوڵەتیی قبوڵ کرد و ئێمەش شاهیدی سەرهەڵدانی چینی ناوەڕاستی ئێران بووین و وڵات دەرگاکانی خۆی بە ڕووی جیهاندا کردەوە و ئەمەش بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دادەنرا.
ئەو شارەزایە فەرەنسییە ڕوونیکردەوە کە تەلئەبیب خۆی خاوەنی 300 کڵاوەی ئەتۆمییە، بۆیە نیگەران نییە لە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران و ئەم بیانوویەش تەنیا بیانوویەکی ئایدیۆلۆژییە. بە پێچەوانەوە 92 ملیۆن ئێرانی ڕۆشنبیرترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ئەوان لە وڵاتێکی زلهێزدا دەژین و بە بیر و بیرۆکەی خۆیان لە گەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کارلێک دەکەن و ئەمەش بابەتی نیگەرانییە (بۆ ئیسرائیل). بەم شێوەیە هێرش بۆ سەر ئێران لە ڕاستیدا وەک زلهێزێکی ناوچەیی و بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری ئەم وڵاتە بە تێکدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجامدرا.
بێرنارد ئۆرکاد وتی: بەو پێیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە لایەن کۆمەڵگەی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هێرشکردنە سەری، هێرشکردنە سەر مەعریفە و زانستی ئێرانە، ژمارەی ئەو زانا و مامۆستایانەی زانکۆ کە لەم هێرشەدا تیرۆرکران زیاتر بوون لە ژمارەی ئەو پلەدارە سەربازییانەی کە هێرشیان کرایە سەر.
وتیشی: بێگومان میتۆدی ترەمپ جیاوازە؛ هەوڵی لاوازکردنی ئێران دەدات، بەڵام نایەوێت لەناویببات، ترەمپ بۆی گرنگ نییە کۆماری ئیسلامی حوکمڕانی بکات یان کەسێکی تر، مافی مرۆڤیش بۆ ئەو گرنگ نییە، تەنیا ئەوەی دەیەوێت دەرفەتی وەبەرهێنان و داهات و بازرگانییە. ئێران وڵاتێکە لە ڕووی فیکر و زانستەوە زۆر پێشکەوتووە؛ بۆ 200 ساڵی داهاتوو نەوت و غازی هەیە و هەربۆیە دەرفەتێکی باشە بۆ داهات. ترەمپ خەون بە بازاڕی ئێرانەوە دەبینێت و هەر بەم هۆیەشەوە بە دوای چارەسەری کۆتاییدا دەگەڕێت بۆ بەرنامەی ئەتۆمییەکەی بۆ ئەوەی لە بەرەی ئابوریدا پێشڕەوی بکات./.