بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مامۆستا فایەق ڕۆستەمی لە وتاری هەینی شاری سنەدا بە توندی ڕەخنەی لە بەردەوامی بێدەنگیی وڵاتانی ئیسلامی لە بەرامبەر کوشتاری خەڵکی غەززە گرت و وتی: ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە کە ویژدانە خەوتووەتان ئاگادار ببنەوە و وڵاتانی ئیسلامی کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستی بێنن.
ناوبراو وتی: بەداخەوە کە هێشتا هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی لە بەرامبەر تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە بێدەنگ و هیچ هەڵوێستێکیان نییە و ئامادە نین باسی غەززە بکەن، لە کاتێکدا کە ئەو ڕژێمە تاوانبارە، خەڵکی بێ تاوانی غەززەی خستووەتە گەمارۆیەکی بەرفراوان و ئەوانی لە ئاو و خۆراک و دەرمان بێبەش کردووە.
مامۆستا ڕۆستەمی وتی: ئەگەر جیهانی ئیسلام یەک دەنگ و یەکگرتوو دەبوو، ڕژێمی زایۆنیستی توانای ئەم هەموو تاوانەی لە غەززە و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی نەدەبوو.
وتارخوێنی هەینی سنە وتی: کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتانی ئیسلامی بڕیارێکی بوێرانە، مێژوویی لە سەر بنەمای بەهێزبوونی موسڵمانان دەربکەن./.