بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی " رای الیوم " لە بابەتێکدا بە نووسینی عەبدولباری عەتوان، نووسەری بەناوبانگی جیهانی عەرەبیدا، ڕایگەیاندووە کە چەند خولەکێک دوای ئەوەی بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس، وڵامی خۆی بۆ پێشنیارەکانی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی، یسرائیل کاتس، هەڕەشەی ئەوەیکرد کە ئەگەر حەماس بەم زووانە دیلەکان ئازاد نەکات، ئەوا " دەروازەکانی دۆزەخ " یان بۆ دەکاتەوە.

لەوەش مەترسیدارتر " تۆمەتبارکردنی " سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەی فەڵەستین بوو. ئەو سەرکردانەی کە بەشداری دانوستانەکان دەکەن و پەیامی فەرماندە مەیدانییەکانی کەرتی غەززە دەگەێننە نێوەندگێڕەکان. ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ئەوانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە " لە کۆشک و هۆتێلە ڕازاوەکاندا ئاهەنگ دەگێڕن و ڕێگری لە ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن ".

ئەم هاندانە ڕوونە  دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی ئەگەری پیلانێک هەیە بۆ تیرۆرکردنیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان، بەتایبەت لە دۆحەی پایتەختی قەتەر. هەرچەندە ئەمە هەڕەشەیەکی نوێ نییە، بەڵام ئەوەی ئەو تۆمەتە لە لایەن وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستییەوە خراوەتەڕوو، گرنگییەکی تایبەتی پێدەبەخشێت.

ئەم هەڕەشانە بۆ سەر کەرتی گەمارۆدراو و برسیکراوی غەززە کە نزیکەی دوو ساڵە بە هاوبەشی عەرەبی و بێدەنگیی نێودەوڵەتی بەرەوڕووی شەڕێکی وێرانکەر بووەتەوە، دەتوانێت دەربڕینی شکست و بێهیوایی ڕژێمی زایۆنیستی بێت، چونکە کوشتنی زیاتر لە 60 هەزار کەس و بریندارکردنی 150 هەزار کەسی دیکە کە زیاتر لە 40 هەزار منداڵ و کۆرپەی تێدابووە، ناتوانرێت بە سەرکەوتنێک هەژمار بکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ڕقی زۆربەی جیهان دەوروژێنێت.

کاتس وەزیری شەڕی ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی کە دەستەکانی بە خوێنی هەزاران بێتاوان سوور بووە، هەوڵی کردنەوەی چ دۆزەخێک دەدات؟ ئایا برسێتی ئێستای دوو ملیۆن و نیو دانیشتووی کەرتی غەززە کە چەندین ڕۆژ پارچەیەک نان و قومێک ئاوی پاک ناخۆن، دۆزەخ نییە؟

ئایا دۆزەخ نییە کە خەڵکی برسی بە فیشەک و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێنە ئامانج لە ڕیزدا بۆ وەرگرتنی خۆراک، هەروەها ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بکەنە " تەڵەی مردن "؟ ئایا کاتس دەیەوێت مۆدێلی نازییەکان پەیرەو بکات و سووتەمەنی و فڕنی غاز بۆ گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە دابنێت؟

ئێمە هەواڵێکی خۆش دەدەین بە کاتس و هاوکارەکەی، وەزیری میرات، ئەمیچای ئەلیاهۆ، کە ئەمڕۆ شانازی دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە کابینەکەی نتانیاهۆ لە پێشبڕکێی کاتدایە بۆ سڕینەوەی خەڵکی کەرتی غەززە و گۆڕینی ناوچەکە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی جوولەکەکان، هەروەها بە سەرکردەکەیان، بنیامین نتانیاهۆ، مژدەیەکی خۆش دەدەین کە خۆڕاگری تەسلیم نابێت، چۆک دانادات، بەڵکوو بەهێزتر دەبێت، خۆڕاگرتر دەبێت و " بەربڵاوتر دەبێت ."

تەنیا باس لە ئۆپەراسیۆنە موعجیزەئامێز و ئاڵۆزەکانی ڕۆژانەی دژی سەربازانی زایۆنیست لە کەرتی غەززە بکەین کە ژمارەیەکی زۆر ئەفسەر و پلەداری ئەو ڕژێمەی کوشتووە و بریندارکردووە، هەروەها لەناوبردنی تانک و زرێپۆشی و بوڵدۆزەرەکانیش. ناتوانین ئەو هێرشە ئازایانەی ئەم دواییە پشتگوێ بخەین کە هەشت سەربازی زایۆنیستی لە دڵی تەلئەبیب بریندار کرد.

هەر لە یەکەم ڕۆژی شەڕی جینۆساید دژ بە کەرتی غەززەوە، نتانیاهۆ گرەوێکی کردبوو کە خۆڕاگری دوای تەواوبوونی تەقەمەنییەکانی لە بەردەمی سوپای بەرفراوانەکەیدا چۆک دادات و خەڵکی کەرتی غەززە " ڕاپەڕین " لە دژی حەماس بە هۆی زۆری ژمارەی شەهیدان و بریندارەکان و وێرانکردنی هەموو شتێک بە ماڵ و نەخۆشخانەکانەوە و داخستنی دەروازەکان، دەکەن بەڵام ئەمە ڕووینەدا و ئێستا گرەوەکەی دۆڕاندووە.

نتانیاهۆ تاوانێکی لە کەرتی غەززەی داگیرکراو ئەنجامداوە کە زۆر لە هۆلۆکۆست مەترسیدارتر و خوێناویترە.

ئێستا ژمارەی ئەو سەربازە زایۆنیستانەی کە بە هۆی خۆڕاگرییەوە کوژراون، زیاتر بووە. ئەگەر دەسدرێژییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت، ڕەنگە ژمارەی دیلەکان زیاد بکات، چونکە بە پێی جەختکردنەوە وتەبێژی هێزەکانی قەسام " ئەبو عوبەیدە "، ستراتیژی نوێی خۆڕاگری بریتییە لە گرتنی سەرباز و ئەفسەری زیاتر.

ئەم خۆڕاگرییە ئەفسانەییە لە کەرتی غەززە پیشان دەدات کە نتانیاهۆ هێشتا گەلی فەڵەستین ناناسێت.

لە کۆتایی بابەتەکەدا هاتووە کە دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە داهاتوودا هەرگیز سەلامەت نابن.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا چەندە پێشکەوتوو بن، هیچ گەرەنتی سەرکەوتنیان نییە لە شەڕدا، چونکە تەنیا ئەو کەسانە سەردەکەون کە لە سەر زەوی شەڕ دەکەن نەک لە ئاسمان! ئەم ڕاستییە دەکرێت لە ئەفغانییەکان، عێراقییەکان، جەزائیرییەکان و ڤێتنامییەکان بپرسین.

هەر منداڵێکی ساوا یان منداڵێک کە لە کەرتی غەززە شەهید بێت بزمارێکە لە تابووتی پرۆژەی زایۆنیستی و تا بزمار زیاتر بێت کۆتاییەکەی نزیکتر دەبێتەوە و تێپەڕبوونی کات لە داهاتوودا ئەمە ڕوون دەکاتەوە./.