جام کوردی - کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی "ساڵی ئاژاوە" لە نووسینی
"عەباس مەعرووفی" و وەڕگێڕانی خاتوو"سورەییا تەهماسبی" لە شاری
سنە لە لایەن ئەنجومەنی مەولەوی کورد بەڕێوەچوو.
لە ڕاگەیێندراوی ئەم کۆڕەدا هاتووە: ئەدەبیات گۆڕەپان و جەولانگەیەکە،
ناسک خەیاڵان و خاوەن قەڵەمان سنووری دێڕەکانی دەبەزێنن و لا لە برینە شاراوەکانی کۆمەڵگە
و نەتەوە دەکەنەوە. لەم گۆڕەپانەدا، وەرگێڕان قەڵایەکە؛ کە سەربازی بوێری وشە، ڕەخنە
دەکاتە مەتەرێزی هزری نووسەر و ڕیز بە ڕیز یاسای دێڕەکانی دەشکێنێ و ئاڵای فەرهەنگێکی
نوێ لە پێدەشتی زمانی دایکدا بەرەو زمانی مەبەست هەڵدەکا و بە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان
فەرهەنگەکان و ناساندنی فەرهەنگی مەبەست، کتێبخانەکان پاڵ دەدەن بە جیهانی بێ سنووری
خۆیانەوە.
یەکەمی گەلاوێژی2725،ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی کورد بە هاوکاری ماڵی وەرگێڕانی
هۆژین،کۆڕی پەردەلادان و نواندنی کتێبی ساڵی ئاژاوە، لە نووسینی« عباس معروفی» و وەرگێڕانی
قەڵەمی توانای خاتوو «سورەییا تەهماسبی» بەڕێوە برد.
بەرنامەکە لە چەند بەشی جۆراوجۆر پێک هاتبوو. سەرەتا کاک کەماڵ تاهرنژاد
وەکوو پێشکەشکار و بەرپرسی ماڵی وەرگێڕانی هۆژین بەرنامەکەی دەست پێکرد و پاشان کاک
خالد ئەمانی بەرپرسی ئەنجومەنی مەولەوی پەیامی ئەنجومەنی پێشکەش کرد.
دواتر خاتوو سیمینی چایچی پاش پیرۆزبایی، شعرێکی خوێندەوە.
لەم کۆبوونەدا بەڕێزان« دوکتۆر نەجمەدین جەباری، دوکتۆر مەسعوود بینەندە
و خاتوو دوکتۆر بەیان عەزیزی» بە وتاری بەپێز و لێکدانەوەی دڵسۆزانە کۆڕەکەیان ڕازاندەوە
و واتایەکی تریان بەخشی بە گەلاوێژی خاوەن شکۆ.
خاتوو سورەیا تەهماسبی سپاسی ئامادەبوانی کرد و چەن خاڵێکی لەسەر وەرگێڕانەکە خستەڕوو. بەرنامەکە بە مۆسیقای گرووپی "گەلۆ" هەروەها پەردەلادان
لەسەر کتێبەکە کۆتایی هات.
عەبباس مەعروفی نووسەری ساڵی ئاژاوە، لە دایکبووی
٢٧ی گوڵانی ١٣٣٦ی کۆچی هەتاوی لە تاران، نووسەر، شانۆنامە نووس، رۆژنامەنووسی هاوچەرخی
ئێرانییە کە لە ئاڵمان ئەژی .