بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ سێ شەممە لە پەراوێزی شەشەمین کۆنفرانسی سەرۆکی پەرلەمانەکانی جیهان لە ژنێڤ، بە دەستپێشخەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە بەشداری نوێنەرانی وڵاتان، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

 بنەماکانی جاڕنامەکە، ڕووبەڕووبوونەوەی دوو پێوەر و جەختکردنەوە لە سەر سەروەری نیشتمانیی گەلان، لەو بابەتانە بوون کە لەم کۆبوونەوەیەدا باس و لێکۆڵینەوەیان لە سەر کرا.

محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، ئەو کارەساتەی کە ئەمڕۆ لە غەززە ڕوودەدات، یەکێکە لە تاریکترین ساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.

ناوبراو وتی: لەو شوێنانەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بە پاڵپشتی زلهێزەکانی جیهان تاوانی ئامانجدار دژی خەڵکی مەدەنی و بە تایبەت منداڵان ئەنجام دەدات، ئەوەی دەیبینین شەڕ نییە؛ جینۆسایدێکی ڕێکخراوە کە مرۆڤایەتی ڕیسوا دەکات. ئەم دۆخە سەرهەڵدانی نازییەکانی سەدەی بیست و یەکەمە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک " ئەناتۆمی جینۆسایدێک " و " زیاتر لەوەی مرۆڤایەتی بەرگەی دەگرێت " دەیسەلمێنن کە ئەم تاوانانە بەڕێکەوت نین، بەڵکوو بەشێکن لە پلانێک بۆ لابردنی نەتەوەی فەڵەستینییەکان. بەکارهێنانی برسێتی و توندوتیژی سێکسی و وێرانکردنی نەخۆشخانەکان و کوشتنی منداڵان بەئەنقەست بەشێکن لەو تاوانانە.

قاڵیباف وتی: سەرەڕای بڕیارە نێودەوڵەتییەکان، جیهان بە بێدەنگییەکەی لە پاڵ ئەم کارەساتە وەستاوە و شەرعییەتی پێداوە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای گوشارەکان، لە بەرامبەر ئەو چەوساندنەوەیە وەستاوە و وتی: ڕێکەوتی 13 ی حوزەیرانی 2025، ڕژێمی زایۆنیستی بە پشتیوانیی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئاشتیخوازەکانی ئێران کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە هەزار و 100 کەس لە نێویاندا زانا و منداڵ. ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوو و بێکاریگەری دامەزراوە جیهانییەکانی پیشاندا.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە، ئێران لە چوارچێوەی مافی بەرگری لەخۆی، ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی گرتەبەر و دوژمنی ناچار کرد پاشەکشە بکات.

محەممەد باقر قاڵیباف وتی: ئەم وڵامە تەنیا سەرکەوتنێکی سەربازی نەبووە، بەڵکوو پەیامێکی چارەنووسساز بووە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: تاکە ڕێگە لە بەرامبەر نازیزمی مۆدێرن، خۆڕاگرییە. ئێران بەرگری لە غەززە دەکات نەک بۆ سیاسەت، بەڵکوو بۆ مرۆڤایەتی.

ناوبراو ڕایگەیاند: ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات، تاقیکردنەوەیەکە بۆ ویژدانی جیهانی. ئەگەر نازییەکانی سەردەم هەر بەوەوە نەوەستن، ئاگری ئەم کارەساتە بە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

قاڵیباف لە کۆتاییدا وتی: ئەمڕۆ ساتی بڕیارە: یان دژی ستەم دەوەستنەوە یان هاوبەش بن لە تاریکترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخدا./.