بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مرۆڤ پێویستی بە ڤیتامین جۆراوجۆر هەیە بەپێی تەمەن، جۆری خۆراک، شێوازی ژیان، باری جەستەیی و ڕەگەز، کە بەزۆری لە ڕێگەی خواردن یان تەواوکەرەکانەوە بەدەست دەهێنرێت.

منداڵان و هەرزەکاران:

بەگوێرەی شارەزایانی خۆراکی منداڵان، منداڵان بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان 6 مانگ بۆ 5 ساڵە دەبێت ڤیتامین و تەواوکەرەکانی ڤیتامین C و A و D بخۆن. بە شێوەیەکی گشتی، هەرزەکاران لە قۆناغی گەشەکردندا پێویستیان بە ڤیتامین و کانزای جۆراوجۆر هەیە بۆ ئەوەی گەشەی جەستەیی و دەروونی تەندروستیان هەبێت وەک ڤیتامینەکانی A، D، C، K، و کالسیۆم، ئاسن و ئۆمێگا 3.

کەسانی بەتەمەن:

ئەگەر کەسانی بەتەمەن خۆراکی جۆرواجۆر بەکاربهێنن، پێویستیان بە خواردنی تەواوکەر نییە. بەڵام ئەگەر پشکنینی خوێن دەریخست کە پێویستیان بە هەندێک ڤیتامین و کانزای وەک D، B12 و ئاسن هەیە، ئەوا دەبێت تەواوکەرە پێویستەکان وەربگرن. ئەو کەسانەی کە کاتێکی زۆر لە شوێنە داخراوەکان و دوور لە تیشکی خۆر بەسەر دەبەن تووشی کەمی ڤیتامین D دەبن و دەبێت تەواوکەری ئەم ڤیتامینە بەکاربهێنن.

ژنانی دووگیان:

ڤیتامین B9 لە کاتی دووگیانیدا زۆر گرنگە و کۆرپەلە لە کێشەی جدی دوور دەخاتەوە. بۆیە دەبێت ژنانی دووگیان ئاگادار بن کە تووشی کەمیی ئەم ڤیتامینە نەبن. هەروەها کالسیۆم، ڤیتامین D و یۆد بۆ گەشەی کۆرپەلە پێویستن. کالسیۆم و ڤیتامین D یارمەتی گەشەی ئێسک دەدەن، هەروەها یۆد یارمەتی گەشەی مێشکی کۆرپەلە دەدات.

کەسانی سەروو 50 ساڵ:

لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن هەڵمژینی ڤیتامین B12 کەم دەبێت. بۆیە کەسانی سەروو 50 ساڵ تووشی کەمی ئەم ڤیتامینە دەبن. هەروەها ڤیتامین D و کالیسیۆم زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە پووکانەوەی ئێسک. هەروەها دەبێت ڤیتامینەکانی A و E لە ژێر چاودێری پزیشکدا بخورێت.

وەرزشوانان:

وەرزشوانان پێویستیان بە وزەی زیاترە، بۆیە ڤیتامین B بۆ ئەوان زۆر گرنگە. پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم و ڤیتامین D بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان پێویستن و وەرزشوانانیش باشترە ئەم ڤیتامین و تەواوکەرانە بەکار بهێنن./.