بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، " عێزەت ئەلڕەشق " ئەندامی باڵای مەکتەبی سیاسی حەماس لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: نتانیاهۆ ئیسرائیلی گەورە بە هیوای خۆی ناو دەبات، بەڵام بە لای ئێمەوە خەونێکە کە دەبێت هەموومان بۆ پووچەڵکردنەوەی یەکگرتوو بین.
ناوبراو وتی: سەرۆک وەزیرانی نیونازییەکان ئاشکرا ویستی خۆیی بۆ پەرەپێدانی داگیرکاری لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی ڕاگەیاندووە و لەم ڕێگایەدا پشت بە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەبەستێت.
ئەلڕەشق وتی: ئێستا بە تەواوی ڕوون بووەتەوە کە نتانیاهۆ شەڕە دڕندانەکەی لە دژی گەلی فەڵەستین بە پێی بڕوا نادرووستە مەزهەبییەکانی دەستپێکردووە، بەو پێیەی کە سەرجەم پرسەکانی پەیوەندیدار بەم شەڕەی وەک ئاگربەست و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، لە سەر هەمان بیر و بڕوای هەڵە کە هیچ هەست و بیرکردنەوەیەکی مرۆیی تێدا نییە، ڕەتکردووەتەوە.
ئەو سەرکردەی حەماس وتی: نتانیاهۆی تیرۆریست و توندڕەو، بە بێ هیچ جیاوازییەک سووکایەتی بە سەرجەم عەرەب و موسڵمانەکان دەکات، ڕێز لە وڵاتانی عەرەبی و دەسەڵاتەکانیان ناگرێت و هیچ دەرفەتێک بۆ لێدانی ئەوان لە دەست نادات.
وتیشی کە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و کۆنتڕۆڵکردنی ئەوان با زۆرترین توانا، گرنگترین ئەرکی جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە، پێش ئەوەی کە درەنگ بێت و ڕژێمی داگیرکەر هاوکێشەی نوێی سەربازی و سیاسی بە سەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا بسەپێنێت، ئەوەی کە ئەمڕۆ لە بەردەستە، ڕەنگە سبەی نەبێت و سوپای داگیرکەری زایۆنیستی کە لە ئێستادا لە سنورەکانی وڵاتانی عەرەبیدایە، ئەگەر ڕوبەڕوی هێزێکی کاریگەر نەبێتەوە، دەچێتە ئەو وڵاتانەشەوە./.