بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، " عەلی ئەلمێقداد " نوێنەری حزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان، سەبارەت بە سەردانەکەی عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە، ئاماژەی بە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە لوبنان دا و وتی: دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە لوبنان گەیشتووەتە سەپاندنی فەرمانەکان و گوشارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە.

ناوبراو وتی: ئێمە بەردەوام داوای پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانمان لە نێوان لوبنان و ئێراندا کردووە و هەر بەرپرسێکی فەرمی مافی سەردانیکردنی ئەو وڵاتانەی هەیە کە پێکەوە پەیوەندییان هەیە.

ئەلمێقداد وتی: بۆ دەبێت لە سەردانەکەی لاریجانی بۆ لوبنان تووشی سەرسوڕمان بین؟ ئایا ئەم سەردانە بۆ ئەوە بووە کە ئێران خاکی لوبنان داگیر بکات؟ هەمووان دەزانن کە ڕژێمی زایۆنیستی بە هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت هەندێک وڵاتی عەرەبی، خاکی لوبنانی داگیر کردووە.

نوێنەری حزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان وتی: چەکی حزبوڵڵا دەمێنێتەوە و ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە، کاتێک کە دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگیرا و سوپای ئەو ڕژێمە لە لوبنان پاشەکشەی کرد و دیلەکانی لوبنان گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵات دەستیپێکرد، ئەو کات ئێمە لە سەر ستراتیژی بەرگریی لوبنان قسە دەکەین./.