بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم ئەمرۆ هەینی لە وتارێکدا بە بۆنەی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) – ئەربەعین – وتی: ئێمە لە هەر قۆناغێکی مێژوودا دوو بژاردەمان لە پێشە: یان لە بەرەی ئیمام حوسێن بین یان لە بەرەی یەزید. لەم سەردەمەی ئێمەدا بژاردەکە ڕوونە، ئێمە لە گەڵ " حوسێنی سەردەم " داین کە بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانی لە لایەن ئیمام خومەینی (رە) بناغەی دانرا و ئیمام خامنەیی درێژەپێدەری بوو و شەهیدان شێخ ڕاغب حەرب، عەباس موسەوی و سەید حەسەن نەسروڵڵا بەم ڕێگایەدا خەباتیان کرد.

ناوبراو وتی: ئێمە لە گەڵ ئازادی فەڵەستینداین و لە بەرامبەر یەزیدی سەردەم کە هەمان ئەمریکای خۆسەپێن و ڕژێمی زایۆنیستی و هاوپەیمانەکانین، دەوەستین، خۆڕاگریی ئەمڕۆ بەرهەمی مەکتەبی کەربەلایە.

نەعیم قاسم وتی: بە پێویستی دەزانم کە دەستخۆشی لە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەم کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ئێمە کردووە و شەهیدانی وەک حاجی قاسم سولەیمانیی لە گەڵ ئێمە بەخشی، ئەویش تەنیا بۆ پشتیوانی لە ڕاستی، ئێران بەردەوام لە گەڵ ئێمەیە و دەمێنێتەوە.

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: حکومەتی لوبنان بۆ داماڵینی چەکی خۆڕاگری، وڵات لە هەر بەرگرییەک بێبەش دەکات، ئەم بڕیارە بە واتای ئاسانکاری کوشتاری ئەندامانی خۆڕاگری و بنەماڵەکانیان و دەرکردنیان لە خاک و ماڵی خۆیانە، باشتر بوو حکومەت پەرەی بە کۆنتڕۆڵی خۆی دەدا و زایۆنیستەکانی لە لوبنان دەکردە دەرەوە، حکومەتی لوبنان لە ئێستادا خزمەت بە پرۆژەی ڕژێمی زایۆنیستی دەکات./.