بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، " عەلی حەیدەر" شارەزای کاروباری ڕژێمی زایۆنیستی، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کەناڵی " ئەلعالەم "، سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی عەلی لاریجانی بۆ عێراق و لوبنان کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکانی زایۆنیستیدا ڕوماڵکرا، وتی: بێ گوێدانە بڕی ڕووماڵی میدیایی و ڕەنگدانەوەی سەردانەکەی دکتۆر لاریجانی، ئەم سەردانە بە پرسێکی زۆر گرنگ دادەنرێت لە عەقڵی ستراتیژیی ئیسرائیلدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پرسە گرنگانەی لە ناو ئەو ڕژێمەدا، لە غەززەوە تا ئێران و لوبنان تا دۆخی ناوخۆیی یان ئابوری وروژێنراون.
ناوبراو وتی: ڕژێمی ئیسرائیل لە ڕوانگەی ستراتیژیی خۆیەوە، پێیوابوو ئێران پاشەکشە دەکات و هەڵوێستی خۆی لە دوای شەڕی 12 ڕۆژە، بە تایبەت لە ڕووی ڕۆڵی خۆی لە سەر ئاستی ناوچەیی دەگۆڕێت، بەڵام سەردانەکەی دوکتور لاریجانی بۆ بەیروت دەریخست کە ڕژێم هەڵە بووە و ئەم سەردانەش سەلماندی کە ئێران هێشتا ئامادەیییەکی بەهێزی لە پرسە ناوچەییەکاندا هەیە و جگە لە ڕۆڵی چالاکانەی ناوچەیی، بە هەمان شێوە بەدواداچوون بۆ ئەجێندا ناوخۆییەکانی خۆی دەکات.
عەلی حەیدەر ڕوونیکردەوە کە سەردانە ناوچەییەکەی دکتۆر لاریجانی بۆ بەغدا و بەیروت گرنگییەکی جۆربەجۆری هەبووە، لەوانەش کە لاریجانی بەم دواییانە وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەستنیشان کراوە.
ناوبراو کاتی گەشتەکەی لاریجانیی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای سیاسی و سەربازی و ناوچەیی و شوێنی مەبەست بو عێراق و لوبنان، بە لایەنە گرنگەکانی دیکەی ئەم گەشتە ناو برد.
ئاماژەی بەوەشکرد کە هاتنی لاریجانی ئەوە دەردەخات کە مەلەفی عێراق - لوبنان لە پرسەکانی نیگەرانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێراندا جێگەیەکی بەرچاوی هەیە و پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ هاوپەیمانەکانی بەهێز ماوەتەوە، بەو پێیەی لە ڕووی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە بەو دوو وڵاتەدا دەڕوات. عێراق کە پێکهاتەیەکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە، شایەتحاڵی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنی بوو کە ئەمریکای تووڕە کرد.
عەلی حەیدەر هەروەها سەبارەت بە لوبنان ڕوونیکردەوە: لوبنان لە ڕەهەندی ژیانی ڕژێمی ئیسرائیلدایە. هەرچەندە ڕژێمی زایۆنیستی هەندێک گورزی سەربازیی لە لوبنان دا، بەڵام نەیتوانی بە تەواوی ئامانجەکانی خۆی بگات، چونکە حزبوڵڵا بەردەوامە لە هەڕەشە و بەربەست لە بەردەم پرۆژەی ئەمریکی و تەماحەکانی ڕژێمی زایۆنیستی. لێرەدا ئێران هات بە " زایۆنیستەکان " و ئەمریکییەکان و تەنانەت سعوودییەکانیش بڵێت " ناتوانن بارودۆخی ناوخۆیی ئێران یان پێشهاتەکانی ناوچەکە بقۆزنەوە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ خۆڕاگریی لوبنان، چونکە ئێمە هێشتا بە هەموو هێز و دەسەڵاتمانەوە لەم گۆڕەپانەدا ئامادەین ".
ئەو شارەزایە وتی: ئەم ئامادەبوونەی ئێران پرسیاری بنەڕەتی سەبارەت بە سێ لایەنی (ئیسرائیل، سعوودیە و ئەمریکا) دەوروژێنێت، پرسیارەکان ئەوەیە کە هەنگاوی داهاتوو چییە؟ ئایا بە شێوەیەکی ڕاستی مامەڵە لە گەڵ بوونی ئێران دەکەن و دەچنە ناو دیالۆگێکەوە کە ناوچەکە لە تەقینەوە ڕزگار بکات، یان بە پشتگوێخستنی پەیامەکانی گەشتەکەی لاریجانی بەردەوام دەبن لە پلانەکانیان؟
ڕاشیگەیاند کە کەسایەتی لاریجانی و کاتی سەردانەکەی بەڵێنێکی ناڕاستەوخۆی تێدایە کە ئێران دەستبەرداری نابێت و لە سەر بنەمای کارتی سەرکەوتن و دەسەڵاتی خۆی وەڵام دەداتەوە و ئەمەش نیگەرانی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی درووست دەکات./.