بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە " ئێوە بە ئێمەتان فێر کرد کە خزمەتکردن بە ئیمام حوسێن (ع) هیچ سنورێک ناناسێت، ئەی ڕۆڵەکانی کەرامەت، ئێمە لە ئێوە فێری خۆشەویستی و سۆز بووین. دڵتان لە گەڵ ئیمام حوسێن بوو و بە هەموو توانایەکەوە پێشوازیتان لە زیارەتکاران کرد، بێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانییەک قەرەبوو بکەنەوە، بە بێ هیچ خۆنمایشکردنێک و بێ وەستان. لە قوڵایی دڵمانەوە، بە زمانی فرمێسک و لە لۆژیکی مەعریفەوە، دەڵێین: ئەی گەلی عێراق، سوپاستان دەکەین. لە دەسەڵاتی باڵاوە تا دەگاتە حکومەت و گەل و بەتایبەت عەشیرەتە بەپەرۆشەکان، گەنجە بەسۆزەکان، خوشکەکانی زەینەبی و هەموو هێزە ئەمنییەکان، ئەو چاوە وریایانەی کە شەویان کردە ڕۆژ بۆ چەسپاندنی ئاسایشی زیارەتکاران و لابردنی هەوری تاریکی و نەزانی و ڕق و کینە ".

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە " ئەی گەلی سەربەرزی عێراق، خاکی ژێر پێیەکانتان ماچ دەکەین، چونکە ڕێگای حوسێن (ع)تان ئاوەدان کردەوە. ئەم تێکەڵە سەرسوڕهێنەرەی سفرەی میهرەبانی حسێن (ع) کە پڕە لە بەخشندەیی و ڕۆحانییەت و خۆڕاگری، هاواری "هیهات من الذلە" دووبارە دەکاتەوە؛ هاوارێک کە ئەمڕۆ بناغەکانی دوژمنانی گەلەکەمانی لە ناوچەکەدا هەژاند و بێتوانایی ئەوانی لە چاندنی دووبەرەکی لە نێوان گەلاندا ئاشکرا کرد. ان شاءاللە بە وەرگرتنی نمونەی بزووتنەوەی حوسێن (ع) ئاڵای ستەم و داگیرکاری لە ناوچەکە هەڵدەوەشێتەوە ".

باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاندووە کە " بە پێویستی دەزانم سوپاسی گەلی ئازیز و بەنرخ و مەزنی ئێرانیش بکەم کە بە حیکمەت و کەرامەت و ئارامییەوە بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە گەورەیەی ئەربەعینیان کرد و هەموو یاسا و داب و نەریتی وڵاتی برا و دۆستانەی عێراقی ئازیزیان ڕەچاو کرد و دەمەوێت پێیان بڵێم کە ئێوە جێگای شانازی و شەرەفن "./.