بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زانکۆی ئەزهەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بە توندترین شێوە لێدوانی تێکدەرانە و قبووڵنەکراوی بەرپرسانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیستی سەبارەت بە خەونی " ئیسرائیلی گەورە " شەرمەزار دەکات. ئەم جۆرە لێدوانانە ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتی داگیرکاریی ڕەگداکوتاوی قووڵە.

ئەزهەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم جۆرە لێدوانانە چاوەڕوانی و نیازی توندڕەوانەی داگیرکەران بۆ زاڵبوون بە سەر سامانی وڵاتانی ناوچەکە و داگیرکردنی پاشماوەی خاکی فەڵەستین دەسەلمێنن.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، ئەم خەونە سیاسییانە ڕاستییەکان ناگۆڕن و هیچیتر نین جگە لە هەوڵدان بۆ لادانی سەرنج لەو تاوان و کوشتن و جینۆسایدەی داگیرکەران لە غەززە ئەنجامی دەدەن بە مەبەستی سڕینەوەی فەڵەستین لە نەخشەی جیهان. هەروەها ئەم وەهمانە شەرعییەت بە داگیرکەران نادات کە تەنانەت یەک بست خاکی فەڵەستینیش کۆنترۆڵ بکەن. فەڵەستین خاکێکی تەنیا عەرەبی - ئیسلامییە کە شێواندن و گۆڕینی واقیعەکەی ئاسان نییە./.