بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەلکساندر لۆکاشینکۆ سەرۆک کۆماری بیلاڕووس، وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا هەوڵ دەدەن ئیرادەی خۆیان بە سەر وڵاتانی دیکەدا بسەپێنن، بەڵام ئێران و بیلاڕووس پێیان وایە کە بە هاوکاری یەکتر دەتوانن بە سەر کێشە و گەمارۆکاندا زاڵ ببن.

ناوبراو وتی: ئەمڕۆ ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سیاسەتی سەپاندنی تاکجەمسەری و ئیرادەی خۆیان بە سەر وڵاتانی دیکەدا پەیرەو دەکەن، بەڵام ئەم دۆخە بۆ ئێران و بیلاڕووس قبووڵکراو نییە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیش لە گەڵ بیلاڕووس وتی: یەکێتی ئۆراسیا، ڕێکخراوی شانگەهای و گرووپی برێکس، چوارچێوە و بەستێنی گونجاویان بۆ ئاسانکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات دابین کردووە./.