بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر حوسێن ئەفشین لە کردنەوەی 26هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پزیشکی و پزیشکی ددان، و دەرمانسازی و کەرەستەی تاقیگەیی به ڕێزلێنان لە هەوڵ و کۆششی کۆمپانیا چالاکەکان لەم بوارەدا ڕایگەیاند: کارکردن لە پیشەسازی کەرەستەی پزیشکی ئەرکێکی قورس و گرنگە چونکە ئەم ئامێرانه لە کۆتاییدا دەگاتە پزیشکانی ئێرانی کە لەکەسایەتییە پێشەنگەکانی بواری تەندروستی جیهانن.

وتیشی: پزیشکە ئێرانییەکان بەتایبەتی ئەوانەی کە بە دەستی زێڕین ناودەبرێن، دەتوانن قورسترین نەخۆشییەکان دەستنیشان بکەن و چارەسەری بکەن. جێگەی شانازییە کە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی لەگەڵ ئەم گرووپە تایبەتەدا هاوکاری دەکەن.

ئەفشین جەختی لەسەر گرنگی کواڵیتی و سەلامەتی کەرەستە پزیشکییەکان کردەوە و ڕایگەیاند :پێویستە دەستخۆشی لە بەرهەمهێنەرانی پیشەسازی کەرەستە پزیشکییەکان بکرێت، چونکە بەشێک لەو هەوڵانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تەندروستی خەڵکەوە هەیە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە توانای هەناردەکردنی کەرەستە پزیشکییەکانی ناوخۆیی بۆ سەرانسەری جیهان هەیە و ڕایگەیاند: ئەگەر بەرهەمێک بتوانێت ستانداردەکانی بەکاربردنی ناوخۆیی هەبیت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت هەناردە بکرێت بۆ وڵاتانی دیکه. ئەمە بە یەکێک لە شانازییەکانی پیشەسازی کەرەستەی پزیشکی دادەنرێت لە وڵاتدا. ئەمڕۆ کەرەستەی پزیشکی ئێران هەناردە دەکرێت بۆ 60 وڵاتی جیهان.

ئەفشین لە درێژەدا ڕایگەیاند: نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە پیشەسازییەک کە داهێنان و تەکنەلۆژیای مۆدێرنی تێدا نەبێت وردە وردە لە کێبڕکێکە دەچێتە دەرەوە. ئەگەر بەرهەمێک لە پێشانگایەکدا پێشکەش بکرێت بەڵام تا پێشانگای داهاتوو نەگۆڕابێت، ئەوە نیشانەی وەستانی تەکنەلۆژیایە، کە بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی لابردنی لە بازاڕ.

ناوبراو ئاماژەی بە پرۆگرامەکانی پاڵپشتی بۆ بەهێزکردنی داهێنان لە کەرەستەی پزیشکی کرد و ڕایگەیاند: ئەمساڵ، دوو پلانی تایبەتمان هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی پەیوەندی نێوان کەرتی توێژینەوە و پەرەپێدان لەگەڵ بواری کەرەستەی پزیشکی.

جێگری زانست و تەکنەلۆژیا و ئابووری سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەسەر گرنگی دوو جۆر کواڵیتی لەم پیشەسازیەدا کردەوە و ڕایگەیاند: یەکێکیان پەیوەندی بە پابەندبوون بە ستانداردی تەکنیکی و پزیشکی هەیە، و ئەوی دیکەیان ئاستێک لە کوالێتییە کە لە مێشک و چاوەڕوانییەکانی بەکاربەردا شێوە وەردەگرێت. ئێمە ئامادەین ئاسانکاری بکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئەم دوو ئاستە.

ئەفشین لە کۆتاییدا سوپاسی سەرجەم بەشداربووانی پێشانگاکەی کرد و ڕایگەیاند: دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە هەوڵیانداوه بۆ ڕێکخستنی ئەم پێشانگایە. هیوادارم ئەم چالاکییە دەرفەتێک بێت بۆ گەشەپێدانی زیاتری پیشەسازی کەرەستە پزیشکییەکان لە وڵاتدا./.