بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فالح فەیاز سەبارەت بە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، وتی: دەستەی حەشدی شەعبی بە هۆی هەلومەرجی ساڵی 2014 و هێرشەکانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی عێراق پێکهێنرا و جیاوازیی لە گەڵ دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتدا هەیە.

ناوبراو وتیڵ یاسای حەشدی شەعبی پەسەندکراوی ساڵی 2016، پێکهاتە و وردەکارییەکانی ئەم دەستەیەی ڕوونکردووەتەوە و لە چوارچێوەی سیاسی، حیزبی و تائیفی جیای کردووەتەوە.

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی وتی: چاکسازی پێشنیارکراو لە یاسای حەشدی شەعبی بە هاوکاری وەزارەتی بەرگری کراوە و پاش پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانەی پەرلەمان کراوە و ئەم چاکسازییەش بە ئامانجی دوورخستنەوەی حەشدی شەعبییە لە هەر دەستێوەردانێکی سیاسی و حیزبی.

فالح فەیاز وتی: حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق چالاکی دەکات و سەر بە هیچ وڵاتێکی بیانی نییە.

ناوبراو وتی: هەلومەرجی ناوچەکە باشتر لە ساڵی 2014 نییە و ناکرێت بڵێن پێویست بە حەشدی شەعبی نییە و هەڵوەشانەوەی بە خۆکوژی دادەنرێت.

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی هەروەها ئەوەی ڕەتکردەوە کە ئەم هێزە کۆپیکراوی سوپای پاسدارانی ئێران بێت./.