بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە 13ی ئەیلولی 2023، دوای دە ساڵ، سیمۆر هێرش ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریکی یاداشتێکی پێنج لاپەڕەیی بڵاوکردەوە کە بۆ دەزگای هەواڵگریی بەرگری ئەمریکا (DIA) لە 20ی حوزەیرانی 2013 ئامادەکرابوو، بەڵگەنامەکە وردەکاری پلانێکی بەرەی نوسرە، لقی سوریای قاعیدەی بۆ بەرهەمهێنانی گازی سارین و ئامادەکاری بۆ هێرشی کیمیایی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە لەخۆگرتبوو.
گرنگی ئەم یاداشتە، زیاتر لە ناوەڕۆکەکەی، بەڵگەیەکە کە تێوەگلانی دەزگای هەواڵگری سعوودیە لە کیمیابارانی ناوچەی غوتە لە جەرگەی دیمەشق لە 21 ی ئایاری 2013 ئاشکرا دەکات و ئەمریکاش سوپای سوریا و بەشار ئەسەدی بەوەی کە تێوەگلاون لەو هێرشەدا تۆمەتبار کرد.
مانگی ئایاری ئەمساڵدا 12 ساڵ بە سەر ئەم تاوانەدا تێپەڕبوو، کە لەلایەن " بەرەی نوسرە " یان " دەستەی تەحریری شام "ی ئێستا بە سەرۆکایەتی ئەبوو محەممەد جۆلانی و پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا، کە تێیدا هەزار و 429 سوری کە 456 منداڵیان تێدابوو، کرانە قوربانی بۆ ئەوەی بیانوویەک بۆ ئەمریکا بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە سوریا بە ئامانجی ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەد دابین بکەن.
کڕینی سارین لە لایەن بەرەی نوسرەوە
یاداشتێکی دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت کە لە مانگەکانی نیسان و ئایاری 2013، " چەند دەڵاڵی کیمیایی لە تورکیا و سعوودیە " کە بۆ بەرەی نوسرە کاریانکردووە، " بە دوای دەستخستنی دەیان کیلۆگرام کەرەستەی خاوی سارین لە سوریادا بوون ".
لە یاداشتەکەدا ئاماژە بە سێ ئەندامی بەرەی نوسرە کراوە کە پلانیان دانابوو " دوای فێربوونی پرۆسەی درووستکردنی سارین لە تورکیا بچنە سوریا و ئەندامانی دیکەی بەرەی نوسرە فێر بکەن بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنانی بەرفراوان بکەن ".
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات کە دەزگای هەواڵگری سعوودیە بە سەرۆکایەتی شازادە بەندەر بن سوڵتان ئاگاداری ئەم بەرنامەیە بووە، بۆیە ئەگەری زۆرە شازادە بەندەر دەستی هەبووبێت لە کڕینی کەرەستەی خاوی سارین، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە نزیکەکانی لە گەڵ نوسرە.
لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: " هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی سارین لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2012، کاتێک ئەبوو محەممەد ئەلحەموی، سەرۆکی بەرەی نوسرە لە حەما، هەوڵی بەدەستهێنانی سێ کلۆریدی فسفۆری وەک یەکێک لە کەرەستەی خاوەکانی بەرهەمهێنانی سارین.
"ستراتیژی باشور" ی شازادە بەندەر
"ئەبو محەممەد ئەلحەموی" ناسراو بە شێخ ساڵح ئەلحەموی، دانیشتووی شاری حەلفایە لە حەما و یەکێک لە شەش دامەزرێنەرانی بەرەی نوسرە و لە پشتیوانی تەواوی سعوودیە بەهرەمەند بووە.
هەوڵەکانی حەموی لە مانگی کانوونی یەکەمی 2012 بۆ دەستخستنی کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی سارین هاوکات بوو لە گەڵ " ستراتیژی باشوری " شازادە بەندەر بۆ پاڵنانی شەڕەکە بۆ ناو دڵی دیمەشق.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2012، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کڕینی چەکی شازادە بەندەری ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کڕینانەی لە ئەردەن بۆ گرووپە چەکدارەکان بووە، لە نێویاندا " سوپای ئازادی سوریا "، لە کاتێکدا ئەمریکا دانی بەوەدانا کە بەشێکی بەرچاو لەو چەکانە بۆ گرووپە تەکفیرییەکان بەتایبەت بەرەی نوسرە بووە. ئەمە خاڵێک بوو کە ئەلحەموی ئاماژەی پێکردبوو و بە ئاشکرا دانی پێدا ناوە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە گەڵ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە شوباتی 2013، بارێک چەکی لە سعوودیەوە وەک بەشێک لە ستراتیژی باشووری بەندەر بن سوڵتان وەرگرتبوو.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، شازادە بەندەر 120 تەن تەقەمەنی و چەکی بۆ گرووپە چەکدارەکان دابینکردبوو و بڕیاربوو لە مانگی ئازاری ساڵی 2013دا ئەو چەکانە بەکاربهێنن بۆ " ئاگر بەردانی دیمەشق ".
فەوجی 111
لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2012، گروپە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی بەرەی نوسرە، " فەوجی 111 "ی سوپای سوریایان لە جەرگەی شاری حەلەب گرت کە یەدەگی بەرچاوی غازی خەردەل و کلۆر و سارینی تێدابوو. جگە لە بەرەی نوسرە، " لیوای کۆچبەران "ی تیرۆریستانی بیانی کە لە لایەن بەریتانیا پاڵپشتی دەکرێن، ئەم یەدەگانەشیان دەستکەوت.
دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە دەزگای هەواڵگری ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی سکایپەوە ٢٤ کاتژمێر لە پەیوەندیدا بووە لە گەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی مەشقی پێویستیان پێبدات بۆ چاودێریکردنی شوێنەکانی چەکی کیمیایی سوریا.
لە کاتێکدا کە نوسرە لە لێواری بەدەستهێنانی سارین بوو، ئەمریکا دەستی کرد بە بانگەشەی ئەوەی کە سوپای سوریا خۆی بۆ هێرشی کیمیایی ئامادە دەکات، کە دواتر دەبێتە پاساوێک بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ڕۆژئاوا لە سوریا.
دوابەدوای ئەم بانگەشەیانە، گرووپە چەکدارەکان ڕایانگەیاند کە ئەسەد هێرشی کیمیایی لە بەشێک لە سوریا ئەنجامداوە و لە 25ی کانوونی یەکەمی 2012، ئەفسەرێکی هەڵهاتووی سوری بانگەشەی ئەوەیکرد کە ئەسەد سارینی بەکارهێناوە لە هێرشێکدا بۆ سەر حومس، بەب ێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەم بانگەشەیە بخاتەڕوو. شازادە بەندەر ئەمەی بە دەرفەتێک زانی بۆ ئەوەی کۆشکی سپی قەناعەت پێبکات کە ئەسەد " هێڵی سور "ی بەزاندووە و داوای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکای لە سوریا کرد.
کاردانەوەی ئەمریکا و پڕچەککردنی گرووپە تیرۆریستییەکان
دوای چەند مانگێک بەڵگەی ئەوە دەرکەوت کە بەرەی نوسرە سارینی دەستکەوتووە. لە مانگی ئازاری ساڵی 2013 مووشەکێکی کیمیایی ئاراستەی شارۆچکەی خان عەسەل لە شاری حەلەب کرا و لە ئەنجامدا 25 هاوڵاتی سوریا کوژران. لە نێو قوربانییەکان 16 سەربازی سوری هەبوون و سوپای سوریاش ڕەتیکردەوە هیچ دەستێوەردانێکی لەو هێرشەدا هەبێت.
لە مانگی ئایاری ئەو ساڵەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە بەڵگەی ئەوەی هەیە کە سارین لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەکارهێنراوە. هاوتەریب لە گەڵ ئەم ڕاپۆرتە، تورکیا هەر لەو مانگەدا ڕایگەیاند کە 12 ئەندامی بەرەی نوسرەیان بە 4.5 کیلۆ سارینەوە گرتووە. یەکێک لەو سەرکردانەی نوسرە کە بەشداری لە گرتنی فەوجەکەی 111دا کرد، دواتر ئاشکرای کرد کە نوسرە ئەو سارینەی کە لەم بنکەیە بەدەستی هێناوە بۆ هێرشکردنە سەر خان عەسەل بەکاریهێناوە.
کاتێک سوپای سوریا لە مانگی حوزەیران شاری ستراتیجی قوسەیری ئازادکرد، کۆشکی سپی پەلەی کرد بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی سەرکەوتنەکانی ئەسەد، ئەنجومەنی پیران داوایکرد ناوچەی دژە فڕین لە سوریا دابنرێت و ئۆباما بە فەرمی پشتیوانی ئەمریکای بۆ گرووپە چەکدارەکان ڕاگەیاند. بەڵام شازادە بەندەر ڕازی نەبوو. داوای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکای دەکرد.
پشتیوانی دەرەکی بۆ گرووپە چەکدارەکان
20ی حوزەیرانی 2023 هێرش یاداشتێکی دەزگای هەواڵگری بەرگری بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە بەرەی نوسرە بە دوای بەرهەمهێنانی ساریندا دەگەڕێت. بەڵام ئەم زانیارییانە پشتگوێ خران و ئەمریکا بەردەوام بوو لە بانگەشەی نوێی هەڵبەستراو سەبارەت بە هێرشە کیمیاییەکانی ئەسەد بۆ سەر سەراقیب و شێخ مەقسود و جۆبەر، لە کاتێکدا شازادە بەندەر بە هاوکاری لە گەڵ سی ئای ئەی و مۆساد پلانی ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیمەشقی دانا و یەکەم گرووپە سوریاییەکان لە ئەردەن لە لایەن ئەمریکییەکان و زایۆنیستەکان و ئەردەنییەکانەوە مەشقیان پێکرا. ئامانجی سەرەکی ئەم میلیشیایانە جێبەجێکردنی پلانی بەندەر بوو بۆ هێنانی شەڕەکە بۆ ناوەندی دیمەشق و ڕووخاندنی ئەسەد.
بەرەبەیانی 21ی ئایاری 2013، گرتەیەک لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە کە تێیدا بانگەشە دەکرا هێرشێکی کیمیایی بەرفراوان لە لایەن سوپای سووریاوە بۆ سەر غوتە ئەنجامدراوە و ئەو هێرشە بووەتە هۆی کوژرانی هەزار و 429 هاوڵاتی مەدەنی، لە نێویاندا 456 منداڵ.
دوای چەند کاتژمێرێک ئەمریکا ڕایگەیاند کە خۆی بۆ هێرشی سەربازی دەستبەجێ بۆ سەر سوریا ئامادە دەکات، بەڵام بەو پێیەی بەڵگەی پێویست نەبووە بۆ ئەوەی ئەسەد لە هێرشەکاندا تێوەگلێنێت، ئەمریکا خۆی لە دەستێوەردانی سەربازی بەدوور گرت.
هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ئەیلولی 2013دا بە فەرمی ڕایگەیاند کە کام لایەن سارینی لە غوتە بەکارهێناوە، بەڵام هەڵسەنگاندنە وردەکانی Rootclaim کە لە ساڵی 2021دا بڵاوکراونەتەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە گرووپی تیرۆریستی " جەیشولئیسلام " کە ڕاستەوخۆ لەلایەن شازادە بەندەرەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەرپرسیار بووە لە هێرشە کیمیاییەکەی غوتە.
بەردەوامی تۆمەتبارکردنەکان و ئاشکراتربوونی ڕۆڵی سعوودیە
ڕۆژنامەنووسی ئەردەنی " یەحیا ئەبابنە " دوای چەند ڕۆژێک لە هێرشەکە سەردانی غوتەی کرد و چاوپێکەوتنی لە گەڵ چەکداران و خێزانەکانیان و پزیشکان و خەڵکی ناوچەکە ئەنجامدا. هەموویان پێیان وت کە گرووپە چەکدارە ناوخۆییەکان چەکی کیمیاوییان لە شازادە بەندەر وەرگرتووە و بەرپرسیارن لە هێرشەکەی سەر غوتە. ئەوان دانیان بەوەدا ناوە کە پارەیان لە لایەن سعوودیەوە پێدراوە و چەکدارەکان شازادە بەندەر بە دۆست ناو دەبەن.
دوای مانگێک بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە هەمووان لە غوتە دەیانزانی هەواڵگری سعوودیە لە پشت کیمیابارانەوەیە، بەڵام کەس نەیوێرا ڕاستییەکان بڵێت.
دوای غوتە، تۆمەتەکان دژی ئەسەد لە سەر کیمیابارانکردنی خان شێخون لە مانگی نیسانی 2017 و دۆما لە نیسانی 2018 بەردەوام بوو، ڕۆڵی سعوودیە لەم هێرشانەدا کاتێک زیاتر دەرکەوت کە لە مانگی ئازاری 2018، سوپای سوریا، کاتێک کێڵگەکانی غوتەی ڕۆژهەڵاتی ڕزگارکرد، تاقیگەیەکی کیمیایی پڕ ئامێری باشی دۆزیەوە کە سەر بە جەیشولئیسلام بوو، گرووپێک کە ڕاستەوخۆ لە لایەن شازادە بەندەرەوە پشتگیری دەکرێت.
تاقیگەکە پڕ بوو لە ئامێر و ماددە کیمیاییەکان و تەقەمەنی، لە نێویاندا کۆمپرێسەرێکی غازی درووستکراوی ئەمریکا کە لە لایەن سعوودیە لە ساڵی 2015دا خرابووە تەندەرەوە.
هەواڵگری سعوودیە نەک تەنیا هاوکاری دارایی و سەربازییەکانی گرووپە تەکفیری و تیرۆریستییەکانی دەکرد، بەڵکوو پلاندانەری هێرشەکانیان بۆ سەر دیمەشق بوو. هێرشە کیمیاییەکانی گرووپە چەکدارەکان کە لە لایەن شازادە بەندەرەوە پاڵپشتی دەکران، ڕۆڵی سعوودیە لە شەڕی ناوخۆیی سوریادا ئاشکرا دەکەن./.