بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیارەکەی حکومەتی ئۆسترالیا بۆ دەرکردنی باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی ئێرانی، وتی: هەر هەنگاوێکی بێ پاساو لە بواری دیپلۆماتیکدا کاردانەوەی بەرامبەری ئێرانی بە دواوە دەبێت و سەرقاڵی تاوتوێکردنی وەڵامێکی گونجاوین بۆ ئەم بابەتە.
ناوبراو وتی: تۆمەتی دژایەتیکردنی جولەکە لە لایەن دیپلۆماتکارانی ئێرانییەوە ڕەتدەکەینەوە و ئەم بابەتە لە کەلتور، مێژوو و ئایینی ئێمەدا شوێنی نابێتەوە و لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی ڕۆژئاوایی و ئەورووپییە، وێڕای ئەوەش ئازاری جولەکەکان بابەتێکی پەیوەندیدار بە ئەورووپییەکانە و ئەوان دەبێت وەڵامی ڕابردووی خۆیان بدەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: پێدەچێت بڕیارەکەی حکومەتی ئۆسترالیا لە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵک لە دژی کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە بێت./.