بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامۆژگارییە خۆراکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێت ژنان نزیکەی 25 گرام ڕیشاڵ و پیاوان نزیکەی 35 گرام ڕیشاڵ لە ڕۆژێکدا بخۆن. بۆ ئەم مەبەستە باشترە خۆراکی پڕ ڕیشاڵە دیاری بکەن.

ڕیشاڵ لە خۆراکە ڕووەکییە جۆراوجۆرەکاندا هەیە، لەوانە میوە، سەوزە و پاقلەمەنی، دانەوێڵە و چەرەسات. جیاواز لە کاربۆهیدراتەکانی دیکە، وەک شەکر کە بە خێرایی دەچنە ناو خوێنەوە، جەستە ڕیشاڵ هەرس ناکات و بە ئاسانی لە کۆئەندامی هەرسدا تێدەپەڕێت. بەڵام لەکاتی جوڵە لەناو کۆئەندامی هەرس و پێش دەرچوون لە جەستە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و خواردنی ڕیشاڵ بێسوود نییە.

سوودەکانی ڕیشاڵ بریتین لە:

1- تەندرووستی کۆئەندامی هەرس:

ڕیشاڵ یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی جوڵەی ڕیخۆڵە و ڕێگری لە قەبزی. لەلایەکی ترەوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی سکچوون بە هەڵمژینی ئاوی زیادە.

2- کۆنتڕۆڵکردنی کێش:

ئەو خۆراکانەی پڕ ڕیشاڵن زۆرجار کالۆری کەمتریان تێدایە و هەست بە تێری دروست دەکەن. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی حەزی خواردن و کێش.

3- کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن:

ڕیشاڵ یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن بە خاوکردنەوەی هەڵمژینی شەکر، کە بۆ کەسانی تووشبوو بە شەکرە سوودبەخشە.

4- تەندرووستی دڵ:

ڕیشاڵ پەیوەندی بە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ هەیە و یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆل بە هەڵمژین و لەناوبردنی لە جەستە./.