بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێریک دایێر کە لە کانوونی دووەمی 2024 بە شێوەی قەرز لە تۆتنهام پەیوەندی بە بایرن میونشن کرد، لەم هاوینە کاتێک گرێبەستەکەی کۆتایی هات لە یانەی بایرن میونشن جیابووەوە و پەیوەندی بە یانەی مۆناکۆوە کرد.

ئێریک دایێری تەمەن 31 ساڵ لە چاوپێکەوتنێکدا ستایشی هاوڕێی پێشووی کرد و ڕایگەیاند: مانوێل نۆیەر باشترین گۆڵپارێزە لە مێژوودا. پێم وانییە خەڵکی بەریتانیا تێبگەن کە ئەو چەندە باشە چونکە لەوانەیە وەک پێویست سەیری یارییەکانی بۆندسلیگایان نەکردووە.

یاریکردن لەگەڵ نۆیەر لە تیپێک و بەرگریکردن لە ئەو شەرەفێکی گەورە بوو بۆ من. لە تەمەنی 39 ساڵیدا شێتانە خۆی بۆ یارییەکان ئامادە دەکات. دەبێت بڵێم هەرگیز شتێکی لەم شێوەیەم نەبینیوە./.