بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، لە دوو ساڵی ڕابردوودا قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی و عەرەبی ڕاکێشراو بۆ وڵات گەیشتووەتە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەلسەباح، سەرجەم بازنەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق، لە چوارچێوەی بەرنامە ئابورییەکان، هەوڵەکانیان دوو هێندە کردووە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوە داراییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواو بە داهاتی نەوت، بە جۆرێک کە دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی قەبارەی وەبەرهێنانی عەرەبی و بیانیی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە 100 ملیار دۆلار خەمڵاندووە. بەڵام لە هەمان کاتدا یەکێک لە لێژنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە یاسای وەبەرهێنان دژی زۆرێک لە یاساکانی وەزارەتەکانە.

حەنان جاسم، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی ئەلسەباح ڕایگەیاند: عێراق شایەتحاڵی قۆناغێکی نوێی چالاکیی وەبەرهێنانە کە پێشتر وێنەی نەبووە، بە جۆرێک قەبارەی وەبەرهێنانی عەرەبی و بیانی کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕاکێشراون، 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم ژمارانە نیشانەیەکی پراکتیکی جددی حکومەتن لە دابینکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی متمانەپێکراو کە توانای ڕاکێشانی سەرمایە و کۆمپانیا جیهانییەکانی هەبێت.

حەنان جاسم وتیشی کە ئەم وەبەرهێنانانە لە سێکتەرە جیاجیاکاندا دابەش دەکرێن، لەوانەش خانووبەرە و کۆمەڵە گەورەکانی نیشتەجێبوون، پیشەسازیی گۆڕانکاری، کارەبا و وزەی نەوت، کشتووکاڵ، خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەوتێک بەرەو هەمەچەشنکردنی ئابوری عێراق و سنوردار نەکردنی بە کەرتی نەوتە.

بەڵام بەشێک لە بەرپرسان و پسپۆڕان هۆشدارییان داوە لە ئاستەنگەکانی هەمەچەشنکردنی ئابوری و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە کەرتی نەوت.

عەمار شبلی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، وتی: یاسای وەبەرهێنان لە گەڵ زۆرێک لە یاسا وزارییەکان ناکۆکە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزی کارگێڕی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان.

مەنار عوبەیدی، شارەزای بواری ئابوریش ڕایگەیاندووە کە وەبەرهێنان لە عێراق زۆر گرنگە بە هۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی کە لە گەشەپێدانی ئابوریدا دەیگێڕێت، چونکە وڵاتان هەمیشە بە دوای وەبەرهێنانی بیانیدا دەگەڕێن بۆ زیادکردنی داهات یان ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی، لەبری ئەوەی پشت بە یەک سەرچاوە ببەستن.

ئاماژەی بەوەشکرد کە پرسی وەبەرهێنان لە عێراق ڕووبەڕووی چەندین گرفت دەبێتەوە کە لوتکەی توانای کۆمپانیا عێراقییەکانە بۆ بەدەستهێنانی زەوی و خانووبەرە و ئەم بابەتەش وەبەرهێنەران ناچار دەکات پێش بڕیاردان بە زۆر پرسدا بچنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕووننەبوونی بەندی یاسای وەبەرهێنان و ئاڵۆزییەکانی ناو وەزارەتخانەکان لەم بەربەستانە بە هەژمار دێن.

هەروەها خالید جابری، سەرۆکی دامەزراوەی بنەماکان بۆ گەشەپێدانی ئابوری، جەختی لە پێویستی ستراتیژی وەبەرهێنانی ئامانجدار بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی کردەوە و ڕایگەیاند: یاسای وەبەرهێنان لە ڕووی فۆرمەوە باشە، بەڵام دەبێت ناوەڕۆکەکەی لە گەڵ بارودۆخی ئابوری ئەمڕۆی جیهاندا بگونجێت، بەتایبەت سەبارەت بە گەشەی تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکی دەستکرد./.