بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کازم جەلالی باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هیوادارە بەم زووانە غازی ڕووسیا لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە وەربگرێت.
جەلالی وتی: زۆربەی کێشەکان لە گەڵ گازپرۆم چارەسەر کراون و هیوادارین بەم زووانە ئەمە ڕووبدات، لە ئێستادا لە گەڵ گازپرۆم دانوستان دەکەین و نزیکەی هەموو کێشەکان چارەسەر بوون. بەڵام پێویستە لە سەر نرخەکە ڕێکبکەوین، ئەگەر ئەوە چارەسەر بکرێت، هەموو شتێک بە ئاسانی دەڕوات.
پێشتر سێرگێی تسڤێلۆڤ، وەزیری وزەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە لە ساڵی 2025ەوە یەکەم ناردنی غازی ڕووسیا بۆ ئێران لە ڕێگەی ژێرخانی ئێستای کۆماری ئازەربایجانەوە دەست پێبکات و قەبارەکەش دەگاتە 1.8 ملیار مەتری سێجا لە ساڵێکدا.
شایانی باسە کە ڕووسیا هاوکارییەکی درێژخایەنی لە گەڵ ئێران هەیە و یەکێک لە دیارترینی ئەو هاوکارییانە درووستکردنی وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر لە باشوری ئەم وڵاتەیە./.