بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سیستەمی بانکی عێراق ساڵانێکە لاوازترین ئەڵقەی ئابورییەک بووە کە نزیکەی تەواو پشت بە خەرجییەکانی نەوت و حکومەت دەبەستێت و نەیتوانیوە ڕۆڵی چاوەڕوانکراوی خۆی لە هاندانی وەبەرهێنان و دارایی پەرەپێدان و بزوێنەری ئابوری بگێڕێت.

لەم چوارچێوەیەدا، هەفتەی ڕابردوو بانکی ناوەندی عێراق فایلی چاکسازی لە سیستەمی بانکی ئەهلی کردەوە، کارێک کە بۆ یەکەمجار لە مانگی نیسانی ڕابردوودا بە پرۆژەیەکی هاوبەش لە گەڵ کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمان دەستیپێکرد.

پلانەکە تیشک دەخاتە سەر بەهێزکردنی گشتگیری دارایی و زیادکردنی کارایی سیستەمی بانکی و درووستکردنی ژینگەیەکی کێبڕکێی دادپەروەرانە و زیادکردنی خۆڕاگری سیستەمی دارایی بەرامبەر بە مەترسییەکان. هەروەها چاکسازییە پێکهاتەییەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە: دانانی سنوری خاوەندارێتی بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری، جێبەجێکردنی کۆنترۆڵی توند لە سەر خاوەن پشکە سەرەکییەکان، داواکردن لە بانکەکان کە مۆدێلی بازرگانی بەردەوام بگرنەبەر لە هەمان کاتدا ڕێزگرتن لە ڕێژەی گونجاوی سەرمایە و نەختینەیی و پێشخستنی شەفافییەت لە ڕاپۆرتکردنی داراییدا لە گەڵ پابەندبوونی توند بە ستانداردەکانی دژە سپیکردنەوەی پارە و بەرەنگاربوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر.

سیستەمی بانکیی لاواز، سەرەڕای ژمارەیەکی زۆر لە بانکەکان

ئێستا عێراق 83 بانکی هەیە: 8 بانکی دەوڵەتی، 24 بانکی بازرگانی، 31 بانکی ئیسلامی، 17 لقی بانکی بیانی و 3 نووسینگەی نوێنەرایەتی. بەڵام سەرەڕای ئەم ژمارە زۆرە، بانکەکان ڕۆڵێکی ڕاستەقینەیان لە گەشەی ئابوریدا نەگێڕاوە، چونکە زۆربەی پارە دانراوەکان و سەروەت و سامانەکان لە لایەن بانکە دەوڵەتییەکانەوە لەبەردەستدایە و قەرزەکانی کەرتی تایبەت تەنیا پشکێکی کەم لە کۆی گشتی دارایی پێکدەهێنن.

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەت، تا مانگی حوزەیرانی 2025، نەختینەی عێراق 98.4 ترلیۆن دینار بووە کە دەکاتە نزیکەی 75 ملیار دۆلار، لەو ژمارەیەش تەنیا 7 ترلیۆن دینار لە تۆڕی بانکیدا بووە. کۆی پارەی دانراوی بانکی گەیشتە 117.4 ترلیۆن دینار کە دەکاتە نزیکەی 90 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا قەرزی پێدراو 71 ترلیۆن دینار بووە کە دەکاتە نزیکەی 55 ملیار دۆلار.

زیاد هاشمی، پسپۆڕی دارایی، تەحەدای سەرەکی بە بێ متمانەیی خەڵک بە سیستەمی بانکی عێراق دەزانێت کە لە شێوەی کەڵەکەبوونی بەرفراوانی نەختینەیی لە دەرەوەی سیستەمی بانکیدا خۆی دەرخستووە.

بە وتەی مەنار عوبەیدی، سەرۆکی پەیمانگای عێراقی داهاتوو، بانکەکان بە دەست مۆدێلی بازرگانی بەسەرچوو و گۆشەگیرەوە دەناڵێنن و لە مارکێتینگ و داهێناندا لاوازن، ئەو پرسانەی کە توانای ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی کوالیتییان سنووردار دەکەن.

پلانی چاکسازی دوو ساڵە

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە چاکسازی لە سیستەمی بانکی عێراق، هەرچەندە قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە. بە وتەی مەحمود داغر، بەڕێوەبەری گشتی پێشوو لە بانکی ناوەندی، کەرتی حکومی 85%ی پارەی دانراو و 90%ی سەروەت و سامانەکانی کۆنترۆڵکردووە، ئەمەش وایکردووە پرۆسەی چاکسازی تێچووی زۆر و خاو بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێویستە.

وەدیع حەنزەل، سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکان پێشتر خەمڵاندنی ئەوەی کردبوو کە جێبەجێکردنی پلانەکەی بانکی ناوەندی نزیکەی دوو ساڵ دەخاێنێت و هیواشی دەربڕی کە ئەو کەرتە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی دارایی جیهانی.

ناوبراو جەختی لە سەر گرنگی داڕشتنەوەی پێکهاتەی خاوەندارێتی و پابەندبوون بە ستانداردە جیهانییەکان و فراوانکردنی گشتگیری دارایی کردەوە کە لە ئێستادا تەنیا یەک لە سەر سێی دانیشتووان دەگرێتەوە.

هاوکات حکومەتی عێراقیش بەنیازە بانکی ئەلڕافیدەین و ئەلڕەشید یەکبخاتەوە وەک بەشێک لە پلانێکی گشتگیر بۆ پەرەپێدان، هەنگاوێک کە هەردوو بانکی حکومی و ئەهلی لەخۆدەگرێت.

سنوردارکردنی نێودەوڵەتی و تەحەددای جیۆپۆلەتیکی

حکومەتی عێراق لە خەباتدایە بۆ وەرگرتنەوەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کەرتی بانکی خۆی، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی 2023دا 14 بانکی عێراقی خستە لیستی ڕەشەوە بە هۆی گومانی تێوەگلان لە سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی پارە بۆ ئێران و سوریا و لوبنان.

بانکی ناوەندی لە پلانە نوێیەکەیدا بانکەکان بە پێی هێزی بازاڕ پۆلێن دەکات و پلانێکی چاکسازی تایبەت بۆ هەر گرووپێک دابین دەکات، نەک مۆدێلێکی یەکسان بە سەر هەموواندا بسەپێنێت. هاوکات بەشێک لە بانکەکان بە هۆی پشتبەستنیان تەنیا بە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان لە مامەڵەی دەرەکیدا ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

بە وتەی مستەفا حەنتوش، شرۆڤەکاری ئابوری، لاوازی ژێرخانی بانکی بووەتە ڕێگر لە دابینکردنی دارایی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان و ئابوریی بە دیلی خەرجی حکومەتەوە هێشتووەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: هەژموونی بانکە حکومییەکان کە لە پێشکەوتنە تەکنۆلۆژی و داراییەکان دواکەوتوون، متمانەی کڕیارانی کەمکردووەتەوە و کارایی سیستەمی دارایی کەمکردووەتەوە.

تەنیا 6 بانک زاڵن بە سەر گواستنەوەی دۆلاردا

حەواڵەی دۆلاری ئەمریکی وردە وردە لە دەستی تەنیا 6 بانکدا چڕبووەتەوە کە بریتین لە بانکی ئەلئەهلی عێراق، بانکی ئەلمەنسور، بانکی بەغدا، بانکی ئەلئەتمان، بانکی ئەبوزەبی و بانکی بازرگانی عێراقی (تاکە بانکی حکومی لە نێوانیاندا). ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەم بانکانە پەیوەندی نێودەوڵەتییان لە گەڵ بانکە پەیوەندیدارەکان هەیە، ئەمەش ڕێگە دەدات گواستنەوەکان بەردەوام بن تەنانەت دوای وەستانی کارکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی پەیوەندیدار.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز، عەلی عەلاق، سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق، چاودێری بانکیی بە شەڕێک پێناسەکرد و باسی لە خۆڕاگری توندی بەرژەوەندییە تایبەتەکان کرد. جەختیشی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی پێداچوونەوەی گشتگیر ئەنجام دەدات کە دەتوانێت ببێتە هۆی داخستنی هەندێک لە بانکە سەرپێچیکارەکان.

دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ چاکسازی لە سیستەمی بانکی عێراق، بەڵام مەرجدار

مستەفا حەنتوش پێی وایە سیناریۆی خوازراو پێویستی بە پلانێکی ڕاستەقینە هەیە کە زیادکردنی سەرمایە و یەکگرتنی حیسابکراو و چاکسازی یاسایی لەخۆبگرێت بۆ هەڵسەنگاندنی وردی ئەدای بانکەکان.

بە وتەی مەنار عوبەیدی، ڕەنگە سەرکەوتن لە ڕێگای بەهێزکردنی تەکنۆلۆژیای دارایی و تێکەڵکردنی بانکە بچووکەکانەوە بێت کە دەتوانێت کەرتێکی بەتواناتر و ڕکابەری نێودەوڵەتی درووست بکات.

هەرچەندە هەڵکەوتەی جوگرافیای عێراق بە هۆی نزیکیی لە وڵاتانێک کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ واشنتۆن گرژی هەیە، تەحەددایەک درووست دەکات، بەڵام جێبەجێکردنی تەواوی پلانی چاکسازی دەتوانێت قۆناغێکی نوێی وەبەرهێنان دەستپێبکات و ڕۆڵی عێراق لە بازاڕە داراییە جیهانییەکان بەهێزتر بکات.

عەلی عەلاق گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پلانی چاکسازی دوو بەشە، یەکێکیان بۆ بانکە حکومییەکان و ئەوی دیکەیان بۆ کەرتی تایبەت. ئامانجی پابەندبوونە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و درووستکردنی متمانە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

جەختی لەوەش کردەوە کە بانکەکان دەبێت یەکێک لەم سێ بژاردە هەڵبژێرن: پابەندبوون بە ستانداردەکان، یەکگرتنەوە، یان دەرچوون لە بازاڕ./.