بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەنکەرە بڕیاری کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و داخستنی ئاسمانی خۆی بە ڕووی فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی دەرکردووە.

ناوبراو وتی: ئیسرائیل تووشی تاوانی کۆمەڵکوژی لە دژی فەڵەستینییەکان لە غەززە بووە و درێژە بە پیلانی داگیرکردنی خاکی ئەم وڵاتە دەدات.

فیدان وتی: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ڕاگرتنی کوشتارەکانی غەززە لاواز بووە و گۆڕانکارییەکانی ئێستا پیشان دەدات کە تەلئەبیب هەوڵی داگیرکردنی تەواوی خاکی فەڵەستین دەدات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: ئیسرائیل لە سیاسەتی دڕندانەی برسیکردن لە دژی فەڵەستینییەکان کەڵک وەردەگرێت تا دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە سەر خاکی خۆیان جێبەجێ بکات.

وتیشی کە بڕیارمان داوە کۆتایی بە سەرجەم پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ ئیسرائیل بێنین و ئاسمانی وڵاتەکەشمان بە ڕووی فڕۆکەکانی ئەو ڕژێمە دادەخەین./.