بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ چین، بە مەبەستی بەشداری لە لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای، لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا کۆبووە.

پزیشکیان لەو کۆبوونەوەدا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی گشتگیر و درێژخایەنی نێوان ئێران و ڕووسیا بەستێنی زیاترکردنی هاوکارییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی دابین کردووە و وتی: لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سەرجەم ڕێکەوتنەکان لە گەڵ ڕووسیا و چارەسەرکردنی هەر بەربەستێکی ئەگەری دەکەم و پێم وایە کە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و هاوکاری زانستی لە نێوان زانکۆکانی هەر دوو وڵات دەتوانێت دەفرایەتییەکانی ئێستا وەگەڕبخات.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک شەنگەهای دەتوانێت بەستێنی گونجاو بۆ بەرەوپێشچوونی بیرۆکەی چەندجەمسەری دابین بکەن./.