بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تس ئینگرام بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سندوقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقا ڕایگەیاند: هەزاران منداڵ لە کەرتی غەززە پێویستیان بەوە هەیە بۆ چارەسەری تەندرووستی ببرێنە دەرەوە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەیان جار داوای ئاسانکاریی بۆ ئەو مەبەستە کردووە.

ناوبراو داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد دەرگاکانی خۆیان بە ڕووی ئەو منداڵانەدا بکەنەوە کە پێویستیان بە چاودێری پزیشکیی ڕزگارکەر هەیە.

ئینگرام وتی: غەززە بووەتە شاری ترس و ناشتنی تەرمەکان و جیهان دەبێت سەبارەت بە مەترسی ئەو کارەساتەی کە لە هێرشی وشکانیی ئیسرائیل بۆ غەززە ڕوو دەدات، دەنگ هەڵببڕێت.

ڕاشیگەیاند کە ئەو هاوکارییانە هاوردەی غەززە دەکرێن، زۆر کەمترە لەوەی پێویستە، ڕۆژانە پێویست بە هێنانی 500 تا 600 بارهەڵگر هاوکاری دەکات بەڵام تەنیا 41 بارهەڵگر هاوردەی ئەم ناوچەیە دەکرێت./.