بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کۆبوونەوەی نێوان سەید عەمار حەکیم و عەلی لاریجانی، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق وتی: شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئێران، بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئەو ڕژێمە، هێزی ئێرانی لە ناوچەکە زیاد کرد و موسڵمانان ستایشی بەهێزبوونی ئێرانیان کرد.

حەکیم وتی: ئەمڕۆ کردەوە دڕندانە و شەڕەنگێزانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕەوایەتی پێناسەکردنی ئەو ڕژێمەی لە لایەن ئێرانەوە وەک شێرپەنجەیەک لە ناوچەکە باشتر بۆ خەڵک ڕوونکردووەتەوە و ئەمڕۆ تەواوی ناوچەکە لە بەرامبەر کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەستیار بوون.

هەروەها عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەو کۆبوونەوەدا عێراقی بە وڵاتێکی دۆست و بەهێز لە ناوچەکە ناو برد و جەختی لە سەر هاوکاری ستراتیژی نێوان هەر دوو وڵات کردەوە و ڕایگەیاند کە لە دۆخی ئەمڕۆدا پێویستە ئەم هاوکارییانە بەرچاوتر بن.

حەکیم یەکەم کەسایەتی سیاسی عێراقییە کە لە پاش شەڕی 12 ڕۆژەی سەپێندراوی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئێران، سەردانی تارانی کردووە./.