بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەزمونە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەکە و جیهاندا ئەوە دەردەخەن کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەمیشە بە ڕوانگەیەکی ئامرازییەوە سەیری هاوپەیمانەکانیان کردووە؛ ئەوان وەریاندەگرن و دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکە و گۆڕانی بارودۆخەکە، بە بێ هیچ پشتیوانییەک وازیان لێدەهێنن. لە ئەفغانستان و ئەمریکای لاتینەوە تا لوبنان و عێراق و یەمەن، چەندین نموونە ئەم سیاسەتە ئاشکرا دەکەن کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی خۆپەرستی و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکان دامەزراوە.
کەناڵی ئەلمەنار لە یاداشتێکدا لە سەر ئەم بابەتە نووسیویەتی: تۆماری مێژوویی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەیسەلمێنێت کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم وڵاتە هیچ کات لە خەمی بەرژەوەندی گەلان یان سەقامگیری وڵاتاندا نەبووە، بەڵکوو تەنیا بەدواداچوونیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان کردووە؛ تەنانەت ئەگەر پێویست بێت لە ساتێکی گرنگدا واز لە نزیکترین هاوپەیمان و بریکارەکانیان بهێنن.
نموونەیەکی ڕوونی ئەم سیاسەتە لە ئەفغانستان ڕوویدا، کە هەمووان دیمەنە پشێوەکانی فڕۆکەخانەی کابولیان لەبیرە، کاتێک هاوکارە ناوخۆییەکانی واشنتن هەوڵیاندا دەست بە سەر فڕۆکە ئەمریکییەکاندا بگرن، بەڵام دواجار بە ئارەزووی خۆیان جێهێڵران.
لە ئێران، ئەفغانستان، عێراق و لوبنان تا بەهاری عەرەبی
دۆخێکی هاوشێوە لە ماوەی ئەو کاتەی کە بە " بەهاری عەرەبی " ناسرا، لە تونس و لیبیا تا میسر و سودان و یەمەن دووبارە بووەوە. لە هەموو ئەم وڵاتانەدا هێزە ناوخۆییەکان وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنران، دواتر دەسەڵاتدارانی واشنتن دەستبەرداری هەموویان بوون.
تەنانەت حاکم و ڕژێمەکانیش کە ساڵانێک بوو لە دەسەڵاتدا بوون و پشتیان بە پشتیوانی ئەمریکا و خزمەتکردنی پرۆژەکانی ئەو وڵاتە و ڕژێمی زایۆنیستی دەبەست، لە ئاکامدا بوونە قوربانی. نموونەیەکی ڕوونی ئەمەش ڕووخانی شای ئێرانە لە ساڵی 1979 دوای پشتیوانی تەواوی ئەمریکا بۆ کودەتاکەی ساڵی 1953 لە دژی حکومەتی محەممەد موسەدق.
لە یەمەن شۆڕشی 21ی ئەیلول کۆتایی هاتنی هەژموونی دەرەکی و ڕژێمێکی بوکەڵەیی گەندەڵ بوو. لەو کاتەوە دەستدرێژیی دەرەکی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستی پێکرد، بەڵام خۆڕاگری یەمەنییەکان لە پاڵپشتیکردنی فەڵەستین و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگەی هێرشەکانی قوڵایی خاکە داگیرکراوەکان و داخستنی ڕێگاکانی کەشتیوانی بۆ بەندەرەکانی، ڕاستی ئەم هەڵبژاردنەی سەلماندووە.
لە عێراقیش هەمان سیاسەت پەیرەو کرا. ئەپریل گلاسپی، باڵیۆزی ئەوکاتەی ئەمریکا لە بەغدا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بڕیارەکەی سەدام بۆ داگیرکردنی کوێت، کارێک کە بیانووی داگیرکردنی عێراق و دامەزراندنی بوونی درێژخایەنی ئەمریکای لە ناوچەکەدا ڕەخساند.
ڕژێمی زایۆنیستیش شەریکێکی تەواو لەم سیاسەتەدایە. کشانەوەی شەرمەزارانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە باشوری لوبنان لە ساڵی 2000 و وازهێنان لە سوپای " ئەنتۆنی لەحاد " نموونەیەکی ڕوونی ئەمە بوون.
زۆرێک لەو بەکرێگیراوانە تەنانەت ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ناو خاکە داگیرکراوەکانەوە و ئەوانی دیکەش کە توانیان هەڵبێن، لە بارودۆخێکی سەخت و زەلیلکەردا بەردەوام بوون.
ئایا حکومەتی لوبنان تووشی چارەنووسی حکومەتەکانی پێش خۆی دەبێت؟
لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کەناڵی ئەلمەنار، " راڤی مادیان " سکرتێری گشتی هاوپەیمانی " سەربەخۆکان بۆ لوبنان "، بە پێداچوونەوە بە مێژووی چەوساندنەوەی نوێی ئەمریکا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە واشنتن لە ڕێگەی کودەتا و دەستێوەردانی سەربازییەوە ڕژێمە هاوپەیمانەکانی لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا هێناوەتە دەسەڵات و دواتر وازی لێهێناون.
ناوبراو نموونەی کوبا، نیکاراگوا، ڤێتنام، ئێران، هەروەها دەرکردنی دیکتاتۆرەکانی وەک سۆمۆزا و باتیستای هێناوەتەوە.
لە لوبنان دوای داگیرکاری و پشتیوانی لە ساڵی 1982 بۆ " بەشیر جەمیل " و پاشان " ئەمین جەمیل "، سەرۆکی هەشتەمی لوبنان، هەر کە هاوسەنگی هێز گۆڕا، ئەمریکاش وازی لەو کەسانە هێنا. ڕاپەڕینی 6ی شوباتی 1984 و دابەشبوون لە سوپای لوبنان دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە بوو، ڕووداوێک کە بە دەستێوەردانی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل و پلاندانان بۆ کۆمەڵکوژییە نەتەوەییەکان، ڕێگەی خۆشکرد بۆ دابەشکردنی وڵاتەکە بە سەر کانتۆنە ئایینییەکان.
مادیان لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات کە واشنتن بە هەمان شێوە دەستبەرداری ڕژێمی ڕەگەزپەرست بوو لە ئەفریقای باشور، جەعفەر نەمیری لە سودان، نوری سەعید لە عێراق و زۆرێک لە حکومەتە بەسراوەکانی دیکە.
ناوبراو پێشبینی دەکات ئەم سیاسەتە ڕەنگە حکومەتی نەواف سەلامیش لە لوبنان بگرێتەوە، چونکە بێتوانایی ئەم حکومەتە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئەمریکییەکان، لەوانەش چەکداماڵینی حزبوڵڵا، دەتوانێت ببێتە بیانوویەک بۆ وازهێنان لێی.
هەروەها ناوبراو کشانەوە بەپەلەی ئەمریکا لە کابول لە ساڵی 2021 وەبیر دێنێتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا هاوکارە ناوخۆییەکانیان بۆ چارەنووسێکی نادیار جێهێشت. هەروەک چۆن دوای چەندین ساڵ بوونی لە عێراق، ئەو پێکهاتە سیاسییانەی کە لە داگیرکارییەوە سەریان هەڵدا، وازی لێهێنران و ئەمریکا لە ژێر فشاری خۆڕاگریدا ناچار بوو بکشێتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر تاکێک یان ڕژێمێک کە پێی وایە ئەمریکا یان ڕژێمی زایۆنیستی دەتوانێت لە دژی گەلەکەی خۆی پشتیوانییان بکات، هەڵە و خەون وخەیاڵە. گەلان سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات و شەرعییەتن و تاکە ڕێگە بۆ پاراستنی وڵاتان پشتبەستن بە گەل و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە، نەک داهاتوو ڕادەستی بێگانە و دوژمنە باڵادەستەکان بکرێت./.