بە پێی ڕاپۆرتی
جام کوردی، لەم ساڵانەی دواییدا، ئێمە ئەوەندە پەیوەست بووین بە مۆبایلەکانەوە کە
بوونەتە بەشێکی جیانەکراوەی ژیانمان، وەک ئەندامێکی بەنرخ کە بەبێ ئەو ژیان ناکرێت.
چێژی خوێندنەوەی کتێب و نووسین لەسەر کاغەزی
سپی و سەیرکردنی فیلم لە سینەماکان و چوون بۆ ئاهەنگ لەبیرمان چوو و لە
تەنیاییماندا پەنامان بردە بەر مۆبایلەکەمان بۆ ئەوەی ساتێک خەمەکانمان لەبیر
بکەین و نەمانزانی چاومان یەکەم قوربانی ئەم تەکنەلۆژیایە.
دوایین هەڵسەنگاندنەکانی
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریدەخەن کە ڕووناکی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی
دیکه وەک کۆمپیوتەر و تابلێت و تەلەفزیۆن دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە چاو بۆ ماوەیەکی
درێژ. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، تیشکی شین و وەنەوشەیی مەترسیدارن و ژەهراوی دەبن بۆ
چاو و بۆ ماوەیەکی درێژ لەوانەیە زیانێکی چاکنەکراو بە چاو بگەیەنن.
ئەم توێژینەوەیە
دەریدەخات کە ئەو رووناکییەی لە مۆبایلەوە دەردەچێت درێژی شەپۆلی کورتە و وزەیەکی
بەرزی هەیە، بەجۆرێک ڕاستەوخۆ بەر چاو دەکەوێت و بەرکەوتنی درێژخایەن لەگەڵ ئەم جۆرە
رووناکییەدا ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی چاو زیاد دەکات کە هۆکاری سەرەکین بۆ کوێری.
هەروەها بەکارهێنانی
مۆبایل بۆ ماوەیەکی درێژ بە تایبەتی لە شەودا و بەبێ ڕووناکی سروشتی زیانی گەورە بە
چاو و مێشک و کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت. توێژینەوەکان لە ژاپۆن دەریدەخەن بەکارهێنانی
درێژخایەنی مۆبایل و کۆمپیوتەر بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نزیکبینی لە نێو منداڵاندا./.