جام کوردی - گابۆڕ بەرھەمی سەید قادر ھیدایەتی بە زمانی ئینگلیزی لە ئامریکا بڵاو دەکرێتەوە.

گابۆڕ لە نووسینی سەید قادر هیدایەتی و بە وەرگێڕانی چیا پەرویزپوور و حوورییە مەلکی لە لایەن چاپەمەنی هەنارپرێس لە مانگی چواری ٢٠٢٦ لە ئەمریکا چاپ و بڵاو ئەکرێتەوە. 

گابۆڕ ڕۆمانێکی کوردییە لە نووسینی سەید قادر ھیدایەتی. ئەم ڕۆمانە یەک لە باشترین ڕۆمانە کوردییەکان و بەرھەمێکی گرینگی کوردستانی ئێرانە و قسەی زۆری لەسەر کراوە.

کتێبەکە ساڵی ٢٠١٥ نووسراوە و تا ئێستا 2024 حەوت جار چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی کوردییە.

گابۆڕ لە سی و یەکەمین پێشانگای نێونەتەوەیی کتێبی تاران یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبی کوردی بووە؛ لە پێشانگاکانی کتێبی هەرێمی کوردستانیش ھەر زوو تەواو دەبێت. دە بەشی لەخۆ گرتووە و دوو چیرۆک ھاوتەریبی یەک دەچنە پێشێ کە پێکەوە لە پەیوەندیدان و لە کۆتاییدا ئاکامێکی ھاوشێوەیان دەبێت.

هەنار پرێس دەزگا و چاپەمەنییەکە کە تەرخان کراوە بۆ ئەدەبی کوردی بە زمانی ئینگلیسی. وەکوو دەنگی کورد لە ئەمریکا، هەنار پرێس هەوڵی ئەوە ئەدات ئەدەبی کوردی و دەنگی کورد بە دونیا بگەیەنێت.

هەر گەل و ڕەگەزێ لە ئەمریکا ناوەندێکی بۆ خۆی هەیە کە بەرهەمەکانی بڵاو بکاتەوە، کوردیش ئێستە کوردستانێکی بچووکی لە ئەمریکا هەیە کە ئەم ئەرکەی بۆ جێ‌بەجێ بکات. 

لە داهاتوویەکی نزیکدا هەر کەس لە دونیا بیەوێت ئەدەبی کوردی بناسێت ئەبێ ڕوو بکات لە ئەم چاپەمەنییە. هەنارپرێس چەندین ساڵە هەوڵی ئەوەی داوە لەگەڵ ناوەند و دەزگاکانی دیکەی بەهێز لە ئەمریکا و لە جیهاندا پەیوەندی ساز بکات و پلانگەلێک جۆراوجۆریان دارشتووە بۆ ئەدەبی کوردی. لە داهاتوویەکی نزیکدا، ناوبانگی ئەم ناوەندە دڵخۆشکەرە زۆرتر ئەبیسین.