بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولڕەحمان شەدید لە سەرکردە باڵاکانی حەماس لە وتووێژێکدا سەبارەت بە هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر بارەگای ئەم بزوتنەوەیە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، وتی: کردەوە تیرۆریستییەکان هیچ کات بزوتنەوەی حەماس لە بەردەوامیدان بە خۆڕاگری لە بەرامبەر زایۆنیستە تاوانبارەکان ڕاناگرێت و ئەم خەباتە تا مسۆگەربوونی ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین بۆ ئازادی و گەڕانەوە بەردەوام دەبێت.

ناوبراو وتی: هەوڵی شکستخواردووی زایۆنیستەکان بۆ تیرۆری سەرکردە باڵاکانی حەماس لە دەوحە پاش پێشنیارە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە و لە کاتێکدا کە شاندەکەی حەماس سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەم پێشنیارە بوو، بە ڕوونی پیشان دەدات کە داگیرکارانی تاوانبار هەوڵی لەناوبردنی ڕەوتی دانوستانەکان دەدەن.

شەدید وتی: شاندەکەی حەماس لە خاکی قەتەر کە ڕۆڵی نێوەندگێڕ دەگێڕێت، لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کرایە ئامانج و ئەمەش پیشان دەدات کە نتانیاهۆ دەیەوێت ڕەوتی دانوستانەکان بە گشتی لەناوببات. ئەم تاوانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و کۆنسوانسیۆنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستدرێژی ئاشکرایە بۆ سەر دەسەڵات و سەروەری وڵاتی قەتەر، سەروەری وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و لە ڕاستیدا سەروەری تەواوی وڵاتانی عەرەبی.

ئەو سەرکردەیەی بزوتنەوەی حەماس وتی: ترەمپ هاوبەشی ڕاستەقینەیە لە شەڕی کۆمەڵکوژیی زایۆنیستەکان دژ بە خەڵکی فەڵەستین و بە تایبەت دانیشتووانی غەززە.

وتیشی کە تاوانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە دەوحە پیشان دەدات کە ئەوەی پێشتر باسمانکردووە سەبارەت بە تاوانباربوون و تیرۆریستیبوونی ڕژێمی زایۆنیستی، لە لایەن جیهانەوە پشتڕاست دەکرێتەوە./.