بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڕیارە وڵاتانی ئیسلامی هەفتەی داهاتوو لە دەوحەی قەتەر کۆببنەوە تا بڕیارێکی هاوبەش دژ بە دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بدەن.

ئەم کۆبوونەوە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بە کەناڵی سی ئێن ئێن ی ڕاگەیاندبوو وڵاتەکەی سەرقاڵی ڕاوێژە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ وەڵام و هەنگاوێکی هاوبەش دژ بە هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی.

پاش لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی قەتەر، دەتوانین گریمانەی پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی وڵاتانی ئیسلامی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بخەینەڕوو.

ئەم پێشنیارە بۆ یەکەم جار لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە جەدەی سعوودیە خرایەڕوو بەڵام بە هۆی ئیمارات و بەحرەینەوە بە ئەنجام نەگەیشت.

بەڵام ئەمجارە ڕەنگە بە هۆی کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی وڵاتانی ناوچەکە و پڕوپاگەندەی سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە لە سەر پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە و کۆنتڕۆڵی چەندین بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەوایەتی هەر هەنگاوێکی جیدیی سیاسی و ئابوری لە دژی تەلئەبیب زیاتر بووە.

ئەگەرچی چاوەڕوان دەکرێت کۆماری ئازەربایجان بە هۆی بوونی پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، ڕێگری لە کۆدەنگیی ئیسلامی لە دژی ئەو ڕژێمە بکات بەڵام بە هۆی بوونی پەیوەندی بەهێزتر لە نێوان ئەو وڵاتە و تورکیا و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەنکەرە لە سوریا، پێدەچێت باکۆ ئەمجارە هەڵوێستێکی دیکەی هەبێت.

هەروەها دوو وڵاتی بەحرەین و ئیمارات بە هۆی هەڵوێستی سعوودیەوە لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، پێناچێت ئەمجارە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی تەلئەبیب بڕیار بدەن.

بە گشتی چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی قەتەردا بگەنە پێویستی پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و گوشارەکانی ترەمپ و ئەمریکا کاریگەریی لە سەر ئەوان نەبێت./.