بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حکومەتی عێراق بیر لە پلانێکی ستراتیژی دەکات بۆ وەبەرهێنان لە پاڵاوگە گەورەکانی نەوت لە دەرەوەی سنورەکانی بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت و زیادکردنی داهاتەکانی.

لە ئێستادا نزیکەی 75%ی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئاسیا دەڕوات، ئەمەش گوزارشتە لە پەرەسەندنی گرنگی ئەم ناوچەیە بە هۆی گەشەی خێرای ئابوری و زیادبوونی بەردەوامی توانای پاڵاوتنی نەوت بە بەراورد بە بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا.

ساڵی ڕابردوو هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتە یەک ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل، بەمەش زیاتر لە 95 ملیار دۆلار داهاتی ئەو وڵاتە بووە. نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی بودجەی گشتی وڵاتەکەیە و زیاتر لە 90%ی داهاتی بودجەی پێکدەهێنێت.

حاتەم ئەلفەزلی ڕاوێژکاری حکومەتی عێراق، پێداچوونەوە بە پلانەکانی وەبەرهێنان لە پاڵاوگەکانی نەوت لە دەرەوەی وڵات بە بەشێک لە هەوڵەکانی بەغدا بۆ زیادکردنی داهات و دەستەبەرکردنی بازاڕێکی سەقامگیر و متمانەپێکراوی نەوت بۆ نەوت ناو دەبات.

ئەلفەزلی بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاندووە کە عێراق لە ئێستادا بیر لە وەبەرهێنان لە کەرتی پاڵاوتنی هیندستان، چین، ئەندونیزیا، ڤێتنام و کۆریای باشور دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، چەند هۆکارێک ڕۆڵیان هەبووە لە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتانەدا، لە گەڵ گەشەسەندنی خێرای خواست لە سەر وزە گرنگییەکی سەرەکیی هەیە بەو پێیەی ئەم وڵاتانە قۆناغێکی گەشەسەندنی ئابوری بەردەوامیان بەسەردا دێت و پێویستییەکی گەشەسەندوویان هەیە بۆ بەرهەمی پاڵاوتە. هەروەها دانیشتووانی زۆر وای لێکردوون بازاڕێکی گەورەی بەکاربەر بن.

ڕاوێژکارە عێراقیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم وەبەرهێنانە، کەمکردنەوەی مەترسی بازاڕکردنە لە ڕێگەی هەمەچەشنکردنی کڕیارانی نەوت و سەقامگیرکردنی پشکی عێراق لەبازاڕدا لەڕێگەی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆوە.

ئەلفەزلی ڕایگەیاندووە کە لە کاتی هەڵبژاردنی هاوبەشیی بیانیدا پێوەرەکانی وەک هێزی دارایی و توانای بەرگەگرتنی هەڵاوسانی بازاڕ و ئەزموونی تەکنیکی و کارکردن لەبەرچاو گیراوە.

سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەش، ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەرچەندە وردەکارییەکان بە تەواوی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە توێژینەوەکان تەواو بکرێن و دانوستان لە گەڵ هاوبەشە ئەگەرییەکان لە ساڵی 2025 تا 2026 دەستپێبکات.

واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان و پارەدارکردنی پڕۆژەکان لە ساڵانی 2026 و 2027 ئەنجام دەدرێت و پێشبینی دەکرێت پڕۆژەکانی پاڵاوگەکان لە نێوان ساڵانی 2027 بۆ 2030 دەست بە کارەکانیان بکەن./.