بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرسەعید ئیرەڤانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە تاوتوێکردنی هێرشە ئاسمانییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر دەوحەی قەتەر، وتی: ئێران بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر قەتەر دەکات و پشتیوانیش لە مافی ئەم وڵاتە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایە دەکات.

ناوبراو وتی: داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین دەستبەجێ ئەم هەڕەشە جیدییەی دژ بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێ بکات و بە پێی بڕگەی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگری لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بگرێتەبەر.

ئیرەڤانی وتی: بەردەوامی کۆمەڵکوژیی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستینی داگیرکراو و کردەوە تیرۆریستییەکانی لە دژی لوبنان، سوریا، یەمەن و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران و قەتەر، پیشان دەدات کە ئەم ڕژێمە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان./.