بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی " رای الیوم " لە ڕاپۆرتێکدا، بابەت و شیکارییەکانی میدیای زایۆنیستیی سەبارەت بە هێرش و دەستدرێژییەکەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر قەتەر و ئامانجە ئەگەرییەکانی داهاتووی تەلئەبیب هەڵسەنگاندووە.

ڕۆژنامەی هائارێتس بابەتێکی بە ناوی " ڕەنگە تورکیا ببێتە ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل دوای قەتەر... دەرئەنجامەکانی کارەساتبارن " بڵاوکردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی نیگەرانی ناوخۆیی لە ناو ڕژێمی زایۆنیستیدا. نووسەری بابەتەکە پێی وایە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەک لە گەڵ ئەنکەرە " کارەساتبار " و زۆر مەترسیدارتر دەبێت لە هێرشەکەی ئەم دواییەی دەوحە.

ڕۆژنامەکە هۆشداری داوە کە تورکیا " لە بنەڕەتدا جیاوازە لە قەتەر " چونکە سوپایەکی بەهێزی هەیە (دووەم گەورەترینە لە ڕێکخراوی ناتۆ)، کاریگەری لە سوریا و لیبیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئەندامێتی لە ناتۆدا هەیە، ئەمەش هەر هێرشێک دەکاتە " گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە ململانێیەکی سنوردارەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ناوچەیی فراوانتر ".

نووسەر ململانێ لە گەڵ تورکیا بە " کارەساتێکی ستراتیژی " وەسف دەکات، لە بەر ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی لە پشتیوانی ڕۆژئاوا بێبەش دەکات و بەرەیەکی ئاڵۆز دەکاتەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەردۆغان هێرشی سەر قەتەری بە " پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان " پێناسە و شەرمەزار کردووە و جەختی لە پشتیوانی لە " برا فەڵەستینییەکانی " کردووەتەوە.

ڕۆژنامەی زایۆنیستی " تایمزی ئیسرائیل " هەروەها هاوپەیوەند لە گەڵ ئەم دۆخە ڕایگەیاندووە کە تەلئەبیب ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی لە تورکیا بە هۆی ناتۆوە دواخست و پێی باشتر بوو هێرش بکاتە سەر قەتەر، بەڵام ڕەنگە " گوشاری ناوخۆیی " نتانیاهۆ ناچار بکات ئەو مەترسییە قبوڵ بکات./.