بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە یەکەم هەنگاو بەرەو جیهانێکی دادپەروەرانە، قبووڵکردنی ڕاستییەکانی کەرتی غەززە و ئاشکراکردنی تاوانە دژە مرۆڤانەکانی ئەو ڕژێمەیە.
ناوبراو لە میانەی بەشداریی لە پەیمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆمای ئیتالیا، وتی: پرسی غەززە دەچێتە چوارچێوەی چالاکی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەش تاقیکردنەوەیەکە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ماف لە هەڵە جیا بکاتەوە.
فیدان وتی: پێویست بە فێڵ و نهێنی ناکات، لە بەر ئەوەی کە ئیسرائیل لە غەززە کۆمەڵکوژیی کردووە و بەردەوامە لەم تاوانە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: ئاشکرایە کە ئیسرائیل هەوڵی داگیرکردنی ناوچەکانی زیاتر دەدات و هیچ کات واز لەم کارە ناهێنێت.
ناوبراو وتی: ئاشکرایە کە کاتێک باس لە ئیسرائیل دەکات تەنانەت ئەمریکاش ناتوانێت ئاسایش دەستەبەر بکات، لە بەر ئەوەی کە سیاسەتەکانی ئیسرائیل جیا لە ئامانجە گشتییەکانی ئەمریکان و ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکەی بە دواوە بووە.
فیدان جەختی لە سەر گوشارخستنە سەر ڕژێمی زایۆنیستی و پلانەکانی لە سوریا کردەوە و وتی: ئیسرائیل دەیەوێت دراوسێکانی تووشی ناکۆکی و دابەشبوون و لاوازی بکات و چاوی دیتنی وڵاتانی بەهێزی لە ڕووی ئابوری و سیاسییەوە نییە.
وتیشی کە سەرکردە سیاسییەکانی ئیسرائیل دەبێت بەو ڕاستییە بگەن کە داهاتووی ناوچەکە لە سەر بنەمای ئاسوودەیی، کەرامەت و ئاسایش بونیات دەنرێت، لە بەر ئەوەی کە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی وڵاتانی دیکە ناتوانێت ئاسایش و ئاسوودەیی بۆ تەلئەبیب بە دواوە بێت و ئەمەش هاوکێشەیەکی هەڵەیە کە دەبێت هەوڵی گۆڕینی بدەین./.