بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ساڵی 1997 بنیامین نتانیاهۆ فەرمانی تیرۆرکردنی خالید مەشعەل، سەرۆکی تازە دەستنیشانکراوی مەکتەبی سیاسی حەماسی لە دەرەوە دەرکرد. بریکارەکانی مۆساد ڕەوانەی ئەمانی پایتەختی ئەردەن کران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، بە بەکارهێنانی ژەهرێکی زۆر بەهێز کە دەتوانێت لە ڕێگەی بەرکەوتنی پێستەوە بکوژێت، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو شکستی هێنا.
بڕیار بوو دوو بریکاری مۆساد لە شەقامەکەدا مادەیەکی ژەهراوی بە سەر مەشعەلدا بپرژێنن. بڕیار بوو یەکێک لە دوو بریکارەکە بتڵێک خواردنەوە لەبەردەم مەشعەلدا بکاتەوە بۆ ئەوەی سەرنجی ڕابکێشێت و ئەوی دیکەش بڕیار بوو مادەیەکی ژەهراوی بە ملی ناوبراودا بڕێژێت.
پلانەکە بەم شێوەیە بوو: مەشعەل لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزی بۆ ئەوەی بچێتە ناو ئۆفیسەکەیەوە، بەڵام هاوار و قیژە لەناکاوی کچەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا وای لێکرد ئاوڕێک بداتەوە لەو ساتەدا کە یەکێک لە بریکارەکان مادە ژەهراویەکەی بە سەر مەشعەلدا دەڕژاند و ئەویش نەیتوانی کارەکەی تەواو بکات، لەکاتێکدا بریکارەکەی دیکەش کە سەری لێشێوابوو، بە هەمان شێوە نەیتوانی شووشەکە بکاتەوە.
ڕووداوەکە قەیرانێکی دیپلۆماسی جیدی درووستکرد: ئەردەن کە تەنیا سێ ساڵ پێشتر پەیمانی ئاشتیی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی واژۆکردبوو، بەڕوونی ڕایگەیاندبوو کە خاکەکەی " هێڵی سوورە " و تیرۆرکردنی ئیسرائیل لەوێ قەدەغە دەکرێت. شای ئەردەن تووڕە بوو و تەنیا لە بەرامبەر ئیمتیازێکی بەرچاو لە ڕژێمی زایۆنیستی، لەوانەش ئازادکردنی شێخ ئەحمەد یاسین دامەزرێنەر و سەرکردەی ڕۆحی حەماس و گەیاندنی دژە ژەهرەکە ڕازی بوو قەیرانەکە چارەسەر بکات و بریکارەکانی مۆساد ئازاد بکات.
ئۆپەراسیۆنە شکستخواردووەکەی ساڵی 1997 هاوشێوەیی هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر قەتەر هەیە کە ئامانج لێی نەهێشتنی سەرکردایەتی بزوتنەوەی حەماس بوو. هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە لە وەڵامی هێرشەکانی حەماس ئەنجامدراون. هەوڵەکەی ساڵی 1997 دوای دوو مانگ لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە قودس هات و هێرشەکەی ئەمساڵیش ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی حەماس بەرپرسیارێتی تەقەکردنی لە پاسێکدا لە هەمان شار گرتە ئەستۆ.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا نتانیاهۆ هەوڵی ئەوەیدا کە دەرئەنجامە دیپلۆماسییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان پشتگوێ بخات. ئەو هەوڵەی ساڵی 1997 هەڕەشەی لە پەیوەندییە ناسکەکانی لە گەڵ ئەردەن کرد، لە کاتێکدا هێرشی ئەمساڵ بۆ سەر دەوحە کاردانەوەی توندی سەرکردەکانی کەنداوی فارس، لەنێویاندا لە دوو وڵاتی گرنگ بۆ ڕژێمی زایۆنیستی: ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (یەکێکە لەو دوو وڵاتەی کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تەلئەبیب ئاسایی کردووەتەوە) و سعوودیە، کە ئەو ڕژێمە لە مێژە بە " هێڵی داهاتوو بۆ ئاساییکردنەوە" ی دەزانێت.
بە تەواوی ئاشکرا، نەک نهێنی
بەڵام هێرشی ئەمساڵ بۆ سەر دەوحە جیاوازییەکی بەرچاوی لە گەڵ ئۆپەراسیۆنی ساڵی 1997 و کردەوە نهێنییەکانی دیکەی ڕژێمی زایۆنیستی هەیە، لەوانە تیرۆرکردنی مەحمود ئەلمەبحوح، یەکێک لە دامەزرێنەرانی باڵی سەربازیی حەماس لە ساڵی 2010 لە دوبەی، لە لایەن تیمێکی بریکاری نهێنی مۆسادەوە.
لە دەوحە ڕژێمی زایۆنیستی فڕۆکە شەڕکەرەکانی بەکارهێنا بۆ تەقاندنەوەی 10 مووشەک کە پایتەختی قەتەری هەژاند و تەنانەت یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی قەتەریشی کوشت. ئەم هەنگاوە پرسیارێک دەوروژێنێت کە ئایا شێوازی ئۆپەراسیۆنەکە مەبەست لێی گەیاندنی پەیام بووە؟ هۆشدارییەک بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڕەنگە لە داهاتوودا میوانداری حەماس بکەن کە حەماس لە هەر شوێنێک بێت شەڕ ڕوودەدات. پەیامەکە بە تایبەتی لە ناوچەی کەنداوی فارس هەستیارە، کە وڵاتان هەوڵیان داوە خۆیان لە ململانێی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخەنەوە.
ئەم پەیامە زیاتر هەستیاری وڵاتانی کەنداوی فارسی وروژاند، بەو پێیەی ئەم وڵاتانە هەوڵیان داوە خۆیان لە ململانێ فراوانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخەنەوە.
دوایین هێرش سێبەرێکی قورسی خستە سەر داهاتووی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان. هەندێک لە بنەماڵەی بارمتەکان نیگەرانی و بێهیوایی خۆیان دەربڕی کە هێرشەکە بە شێوەیەکی کاریگەر سزای لەسێدارەدان بووە بۆ ئازیزانیان.
ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی زایۆنیست ئاماژە بەوە دەکەن کە چەند بەرپرسێکی باڵا لەوانەش سەرۆکی مۆساد دژی کاتی هێرشەکە وەستاونەتەوە، چونکە بە ڕوونی هەوڵە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ شەڕەکە دەخاتە مەترسییەوە. یەکێک لەو گێڕانەوەی کە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هێرشەکە خراوەتەڕوو ئەوەیە کە بەرپرسانی حەماس کە لە کۆبوونەوەی دەوحەدا ئامادەبوون، لە لایەنی توندڕەو بوون و دژی ئەو ڕێکەوتنە بوون.
نتانیاهۆ بەرگری لە هەنگاوەکە کرد و بانگەشەی ئەوەشیکرد کە هێرشەکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کۆتایی هاتنی شەڕەکە و گەڕانەوەی بارمتەکان. هەمان بانگەشە لە لایەن میدیا و شرۆڤەکارانی نزیک لە ناوبراو لە کاتی کوژرانی ئیسماعیل هەنیەدا کرا. هەروەها نتانیاهۆ خۆی ڕایگەیاندبوو کە کوژرانی یەحیا سینوار سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام ئێستا دوای نزیکەی ساڵێک لە مردنی داڕێژەری هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
هەڵوێستێکی توندتر
پێدەچێت هێرشەکە هاوتەریب بێت لە گەڵ گۆڕانی هەڵوێستی ڕژێمی زایۆنیستی لە دانوستانەکاندا. تەلئەبیب لەم دواییانەدا ڕێبازەکەی گۆڕیوە. لە کاتێکدا پێشتر داوای ئاگربەستێکی کاتیی دەکرد لە بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری ڕێکەوتنێکی درێژخایەن، بەڵام ئێستا داوای کۆتاییهێنان بە هەمیشەیی شەڕ و داماڵینی چەکداماڵینی تەواوی حەماس دەکات، ئەمەش داواکارییەکە کە سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە بە " سەرکەوتنی تەواو " ناوی دەبات.
کێشەکە لەوەدایە کە داواکارییەکی لەو شێوەیە زۆر قورسە، تەنانەت دوای نزیکەی دوو ساڵ لە شەڕیش. بزوتنەوەی حەماس هەمیشە باڵی سەربازی خۆی لە پێشەوەی باڵی سیاسی داناوە و لە کاتێکدا ئەو گرووپە هەوڵی گەڕانەوە بۆ هێز و کاریگەریی خۆی دەدات، نتانیاهۆ بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەری، لەوانەش هەڕەشەکردن لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی شاری غەززە.
هەرچەندە حەماس ڕەنگە ئامادەبێت بیر لە ڕێکەوتنێک بکاتەوە، بەڵام چەکداماڵین وەک هێڵی سووری ئەو گروپە دەمێنێتەوە.
جگە لەوەش فەرماندەیی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی دوودڵ بوو لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، بەو پێیەی باش ئاگاداری مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بوو، ئۆپەراسیۆنێک کە ڕەنگە نەتوانێت ببێتە هۆی ئەو ڕێکەوتنە کە نتانیاهۆ بەدوایدا دەگەڕێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەرکەکە فراوانتر دەکات و قوربانییە سەربازییەکان زیاد دەکات و یاخیبوونەکەش گەشە دەکات.
خواستی قوماری سیاسی
هەرچەندە ڕەنگە نتانیاهۆ بڕیاریدابێت ڕێگەی دیکە بەکاربهێنێت، لەوانەش هێرشێکی ڕاستەوخۆتر بۆ سەر سەرکردایەتی حەماس، بۆ ئەوەی پیشان بدات کە تاکە ڕێگە بۆ مانەوەی گروپەکە لە ڕێگەی دانوستانەوەیە، بەڵام ڕوونە کە نتانیاهۆ ئاگاداری مەترسییەکانی ئەم هەنگاوە بووە، چ لە ڕووی ئەگەری دواخستنی ڕێکەوتنەکە و مەترسی خستنە سەر ژیانی بارمتەکان، چ لە ڕووی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆتاییدا هێرش بۆ سەر دەوحە نوێنەرایەتی هەم بەردەوامبوون و چڕبوونەوەی ڕێبازی نتانیاهۆ دەکات بەرامبەر بە حەماس: ئامادەیی بۆ قومارکردن لە سەر تیرۆرە باڵاکان تەنانەت بە تێچووی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و سەقامگیری ناوچەکە و دانوستانە هەستیارەکان.
لە کاتێکدا هەوڵە شکستخواردووەکەی ساڵی 1997 لە ئەمان بە نهێنی و سنوردار بوو، هێرشەکەی 2025 لە قەتەر بە ئاشکرا بوو، نەبوونی شەفافییەت سەبارەت بە ئەنجامی هێرشەکە نادڵنیایی زیاتر کردووە، بەڵام لێکەوتەکانی لە ئێستاوە دیارە. خێزانەکانی بارمتەکان ترسیان لە ژیانی ئازیزانیان هەیە، هاوپەیمانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و ئاسۆی ئاگربەست تادێت تاریک دەبێت./.