بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعدوڵڵا زارعی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە هۆکاری گوشارەکانی سەر حزبوڵڵای لوبنان وتی: پرۆژەی داماڵینی چەکی حزبوڵڵای لوبنان پاش شەڕێکی قورسی 66 ڕۆژە هاتە پێشەوە و ئامانجەکەی ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەیە کە حزبوڵڵا وەک هێزێکی کاریگەر لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بوونی نەمێنێت.

ناوبراو وتی: بەڵام بۆ ئامانجی سڕینەوەی حزبوڵڵا لە هاوکێشەکانی ناوچەکە مسۆگەر نەبوو و ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ ئەمریکا ناچار بە قبووڵکردنی ئاگربەست بوون؟ هۆکارە سەرەکییەکەی، هێزی حزبوڵڵا و ئەو زیانە قورسانە بوو کە لە شەڕەکەدا بەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کەوت، بە ڕادەیەک کە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە " حزبوڵڵا گڕی لە ئیسرائیل بەرداوە ".

ئەو شارەزایەی کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: دواجار ئەم گوشارانە ڕژێمی زایۆنیستیی ناچار کرد کە شەڕەکە بوەستێنێت؛ هەرچەندە ڕژێم پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانی ئاگربەست و لە ئاستێکی سنورداردا درێژەی بە ڕێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکانی دژ بە لوبنان داوە. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕژێمی زایۆنیستی ڕێوشوێنی سەربازیی لە باشوری لوبنان گرتووەتە بەر.

ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەی چەکداماڵین

زارعی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە قبوڵکردنی ئاگربەست لە لایەن تەلئەبیبەوە لە ڕاستیدا دانپێدانانێکە بە دەسەڵاتی حزبوڵڵا و ڕایگەیاند: بۆیە دوای شکستهێنانیان لە گۆڕەپانی سەربازیدا، زایۆنیستەکان بە پشتبەستن بە پشتیوانی ئەمریکا سیناریۆیەکی دیکەیان گرتەبەر. لەم پەیوەندییەدا تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا پلانێکی بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵای لوبنان پێشکەش بە نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنان کرد.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: مانگی ڕابردوو حکومەتی نەواف سەلام لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پلانی ئەمریکیی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵا پەسەند کرد و داوای لە سوپای لوبنان کرد کە لە ماوەی 20 ڕۆژدا، واتە تا کۆتایی مانگی ئاب پلانی جێبەجێکردنی خۆی بخاتە ڕوو.

ئەو شارەزای کاروباری ناوچەکە زیادی کرد: لە نێو پێشمەرجەکانی سوپای لوبناندا بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا، کشانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە حەوت خاڵی داگیرکراو لە باشوری لوبنان و دابینکردنی گەرەنتی ئەمنیەتی باوەڕپێکراو بۆ کۆتایی هاتنی دەستدرێژییە ئاسمانی و وشکانییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر خاکی ئەم وڵاتە هەبووە.

شکستی پرۆژی چەکداماڵین

زارعی ڕایگەیاند کە تەنانەت لە هەلومەرجی ئێستاشدا حزبوڵڵا بەردەوامە لە جەختکردنەوە لە سەر لۆژیکی بەرگریی خۆی لە دژی دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنیستی و جەختی لەوە کردەوە کە جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان هەروەها بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە پلانی داماڵینی چەک پلانێکی ئەمریکییە و سەر بە  تۆم باراکە کە نوێنەری ئیدارەی ترەمپە.

ناوبراو وتی: حزبوڵڵا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دژایەتی چەکداماڵین دەکات وەک پرۆژەیەکی سەپێندراو لە لایەن ئەمریکاوە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر هەندێک مەرج جێبەجێ بکرێن، ئەوا دەتوانرێت لە ناوخۆ و بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی باس لە داهاتووی چەکەکانی خۆڕاگری بکرێت.

ئەو شارەزایەکی کاروباری نێودەوڵەتی وتی: لە نێو ئەو مەرجانە بەهێزکردنی سوپای لوبنان بۆ ئەوەی توانای بەرگری لە سنورەکانی هەبێت، هەروەها کشانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە سنورەکان و ڕاگرتنی سیاسەتی شەڕەنگێزیی دژ بە لوبنان هاتووە.

وتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجانەی کە خراوەتەڕوو، شرۆڤەکاران پێیان وایە کە پلانی باراک بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا تووشی شکست دەبێت. بێگومان ڕەنگە ئەمریکییەکان پلانی بەدیل بە ناوەڕۆکێکی سووکترەوە پێشنیار بکەن بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم شکستە، وەک سنوردارکردنی جوگرافی یان تەنیا گرنگیدان بە هەندێک چەک.

زارعی وتی: لە لایەکی دیکەوە حزبوڵڵا بە هۆی ئامادەبوونی لە دانوستانە سیاسییەکاندا خۆگرتنی خۆیی پیشانداوە، بەڵام چەندین جار ڕایگەیاندووە کە وەڵامدانەوەی بۆ دەستدرێژیی زایۆنیستەکان دەبێت. هەروەها شێخ نەعیم قاسم لە شەوی ئەربەعیندا ڕایگەیاند کە " ناتوانین ئەم دۆخە قبووڵ بکەین و دەستبەرداری ئاسایشی لوبنان بین ".

ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە لایەکی دیکەوە ڕەنگە حکومەتی نەواف سەلام تەمەنێکی درێژی نەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان لە ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەکرێت ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سیاسی پەرلەماندا.

زارعی وتی: هەرچەندە بلۆکی شیعە کە لە هەردوو حزبی ئەمەل و حزبوڵڵا پێکهاتووە وەک هاوپەیمانییەکی سەقامگیر دەمێنێتەوە، بەڵام پێدەچێت پێکهاتەی نوێنەرانی مەسیحی و سوننە بگۆڕدرێت. لە ئێستادا زۆرینەی نوێنەرانی مارۆنی لە پەرلەمان بە دەست بزوتنەوەی سەمیر جەعجەعە کە دژایەتی حزبوڵڵا دەکات، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە کوتلە مەسیحییەکان کە لە سلێمان فرەنجیە نزیکن دەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرن.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەگەری گۆڕانکاری لە نێو سوننەکانیشدا هەیە. لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا ئەگەری زۆر هەیە کە پەرلەمانی داهاتووی لوبنان پلانی ئەمریکا بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵڵا لە کارنامە لابدات و بە تەواوی بەرەو شکستی ببات./.